پارتی:كاتێك ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ كه‌ركوك كه‌ شكۆ بۆ كه‌ركوكیه‌كان بگه‌ڕێنینه‌وه‌

پارتی:كاتێك ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ كه‌ركوك كه‌ شكۆ بۆ كه‌ركوكیه‌كان بگه‌ڕێنینه‌وه‌

بەگەڕانەوەی یەكێتی بۆ خورماتوو، تەنیا پارتی دیموكراتی كوردستان ماوە، كە نەگەڕابێتەوە بۆ خورماتوو، چونكە هەریەك لە گۆڕان، یەكگرتووی ئیسلامی، كۆمەڵ ‌و شیوعی گەڕانە. ئەندامێکی سەرکردایەتی پارتی-یش دەڵێت پارتی بڕیاری داوە بە قورسایی خۆمان لەوێ بین، نەک بە زۆر بەسەرماندا بسەپێندرێ چۆن لەوێ بین.

لە ١٦ی ئۆكتۆبەری ٢٠١٧ و رۆژانی دواییدا، لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، زۆرترین زیان بەر خورماتوو کەوت و سەتان دووکان و ماڵ تەقێنرانەوە و سووتێنران، دەیان هەزار کەسیش ئاوارەبوون، تاوەکو ئێستاش بەشێک لە ئاوارەکان نەگەڕاونەتەوە. هەروەها بارەگای هەریەك لە حیزبەكانی یەكێتی، پارتی، گۆڕان و یەكگرتوو سووتێنرا‌ن، بارەگای حیزبی شیوعیش تەقێنرایەوە.

لەلێدوانێکیدا د. محەمەد خورشید، ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارتی لە کەرکوک، لەبارەی کردنەوەی بارەگاکان لەناوچەکانی کەرکوک و خورماتوو، ڕایگەیاند ئێستا حاڵەتێکی سەیر هەیە لەلایەنی دەسەڵاتدارانی بەغدا و حەشدی شەعبییەوە، لەبارەی بارەگاکانی پارتی، کە بارەگاکانمان بەگشتی داگیرکراوە.

محەمەد خورشید دەڵێت، پارتی بڕیاری داوە لەو ناوچانە بە قورسایی خۆمان لەوێ بین، نەک بە زۆر بەسەرماندا بسەپێندرێ چۆن لەوێ بین،

ئەو بەرپەرسەی پارتی پێیوایە، خەڵکی کوردستان لە هەڵوێستمان لەو ناوچانە باش تێگەیشتووە، هیوایان بە گەڕانەوەی پارتییە، چونکە دەزانن، کە کاتێک دەگەڕێتەوە بارودۆخەکە ئاسایی ببێتەوە.

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە