یونیسێف: ژیانی یەک ملیۆن منداڵ لە ئەفغانستان بە هۆی بەدخۆراکییەوە لە مەترسیدایە

یونیسێف: ژیانی یەک ملیۆن منداڵ لە ئەفغانستان بە هۆی بەدخۆراکییەوە لە مەترسیدایە

پەیامی کورد … یونیسێف: ژیانی یەک ملیۆن منداڵ لە ئەفغانستان بە هۆی بەدخۆراکییەوە لە مەترسیدایە

سندوقی هاریکاریکردنی منداڵان سەربە نەتەوە یەکگرتووەکان (یونیسێف)، رایگەیاند، کە تەندروستیی نزیکەی یەک ملیۆن منداڵ لە ئەفغانستان بەهۆی بەدخۆراکییەوە لە مەترسیدایە کە ئەگەر چارەسەر نەکرێن، رەنگە گیان لەدەست بدەن.

 هێنریتا فۆر، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری یونیسێف، لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، کە نزیکەی یەک ملیۆن منداڵ لە ئەفغانستان پێویستییان بە هاوکاری مرۆییە بۆ ئەوەی بتوانرێت درێژە بە ژیانیان بدرێت.

لە راگەیەندراوەکەدا باس لەوە کراوە، کە تەندروستیی نزیکەی یەک ملیۆن منداڵ لە ئەفغانستان بەهۆی بەدخۆراکییەوە لە مەترسیدایە کە ئەگەر چارەسەر نەکرێن رەنگە گیان لەدەست بدەن، جەختیش لەسەر ئەوە کراوەتەوە کە نزیکەی چوار ملیۆن و 200 هەزار منداڵ، کە دوو ملیۆن و 200 هەزاریان کچن، نەیانتوانیوە درێژە بە خوێندن بدەن.

بەڕێوەبەری جێبەجێکاری یونیسێف لە راگەیەندراوەکەیدا هەروەها باسی لەوە کردووە، کە لە ناوخۆی ئەفغانستاندا، 435 هەزار ژن و منداڵ دەربەدەربوون.

هێنریتا فۆر راشیگەیاندووە ''پێشبینی دەکەین بەهۆی وشکەساڵی توند و کەمبوونەوەی ئاو، دەرەنجامە کۆمەڵایەتی-ئابووریی داڕووخێنەکانی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ و نزیکبوونەوەی وەرزی زستان پێداویستیە مرۆییەکانی ژنان و منداڵان لە مانگەکانی داهاتوودا زیاد بکات''.

بەڕێوەبەری جێبەجێکاری یونیسێف ئەوەشی خستووەتەڕوو، یونیسێف کە بەدرێژایی 65 ساڵ لە ئەفغانستان هەوڵیداوە بۆ باشکردنی ژیانی ژنان و منداڵان لە ئایندەشدا بەردەوام دەبێت لەسەر کارەکانی و لە ناخەوە پەیوەستن بە منداڵانی ئەفغانستان و زۆر کاریان هەیە کە بۆیان ئەنجام بدەن.

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە