ڕووسیا هاوکاری ڕەوانەی غەززە دەکات
پەیامی کورد... ڕووسیا هاوکاری ڕەوانەی غەززە دەکات
وەزارەتی دۆخە لەناکاوەکانی ڕووسیا ناردنی بڕی 60 تۆن هاوکاریی مرۆیی بۆ هاووڵاتییانی غەززە ڕاگەیاند و لەنێو هاوکارییەکاندا خواردن و کەرەستەی پاککەرەوەی تێدایە.
بەپێی ئەو بەیاننامەیەی وەزارەتە ڕوسییەکە بڵاویکردوەتەوە؛ لەڕێی دو فڕۆکەی تایبەتەوە بڕی 60 تۆن کەلوپەلی خۆراک و پاکژکەرەوە و جێگەی خەو نێردراوە بۆ هاوڵاتییان لە غەززە.
ئاماژە بۆ ئەوەکراوە کە فڕۆکەیەکیان لە فڕۆکەخانەی غروزنی ڕووسیاوە بەرەو میسر بەڕێکەوتوە و لەڕێی مانگی سووری میسڕییەوە دەگەیەنرێتە غەززە.
ئەمڕۆ 30 ڕۆژ بەسەر دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی تۆفانی ئەقسا تێدەپەڕێت لەلایەن باڵی سەربازیی حەمماسەوە، لەوکاتەوە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆسەر کەرتی غەززە چڕ کراوەتەوە و هاووڵاتییانی ئەو کەرتە لە وێرانەدا ژیان دەکەن و بەشێک لە وڵاتان هاوکارییە مرۆییەکانیان بۆ خەڵکی مەدەنی دەنێرن.
لەم 30 ڕۆژەدا،: کۆی ژمارەی کوژراوان بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە، گەیشتووەتە نۆ هەزار و 488 کەس، کە سێ هەزار و 900 یان منداڵ و دو هەزار و 509 یان ژنن، کۆی ژمارەی بریندارەکانیش گەیشتە 23 هەزار و 516 کەس.