TR KU SO
FB X
Kurdistan

سەرۆک بارزانی پەیامێکی بە بۆنەی یادی ڕاپەڕینی گەلی کوردستان بڵاو کردەوە

Rozan Ateş
Yazar
📅 05 Mart 2023 19:01

پەیامی کورد... سەرۆک بارزانی پەیامێکی بە بۆنەی یادی ڕاپەڕینی گەلی کوردستان بڵاو کردەوە


ئەمڕۆ یەکشەممە 5/3/2023 سەرۆک بارزانی بە بۆنەی یادی ڕاپەڕینی گەلی کوردستانەوە پەیامێکی بڵاو کردەوە، ڕاپەڕینە مێژوویی و شکۆدارەکەی گەلی کوردستان ڕۆژی‌ 5/3/1991 لە شاری ڕانیە، دەروازەی ڕاپەڕینەوە ده‌ستی پێ کرد و تا ئازادکردنی که‌رکووک، دڵی کوردستان، نه‌وه‌ستا.

بە بۆنەی ئەم یادە شکۆدارەوە سەرۆک بارزانی پەیامێکی بڵاو کردەوە کە ئەمە دەقەکەیەتی:

بە ناوی خودای بەخشندە و میهرەبان

بە بۆنەی سی و دووەمین ساڵیادی ڕاپەڕینە مەزنەکەی گەلی کوردستان پیرۆزبایی لە خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەکان و هەموو خەباتگێڕ و ئازادیخواز و نیشتمانپەروەران و سەرجەم خەڵکی کوردستان دەکەم.

ڕاپەڕین لە سایەی ئیرادەی ئازادیخوازیی گەلی کوردستان و، قارەمانێتی پێشمەرگە و پلان و یەکڕیزیی لایەنەکانی ناو بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستان هاتە دی و سەرکەوتنی بەدەست هێنا. ڕاپەڕین ئەو ڕاستییەی بۆ دۆست و دوژمن سەلماند کە ستەمکاری و تۆقاندن هەرگیز ناتوانێ ئیرادەی ئازادیخوازی لە ناخی گەلی کوردستان خامۆش بکات. ڕاپەڕین هەڵگری بەها و ئامانجی بەرز بوو، بۆ ئەوە بوو گەلی کوردستان ئازاد بێ و ژیانێکی سەربەرزانەی لە وڵاتی خۆیدا هەبێت.

لە یادی ڕاپەڕیندا هەزاران سڵاو بۆ شەهیدانی ڕاپەڕین و هەموو شەهیدانی ڕێگەی ڕزگاریی کوردستان دەنێرین و جەختیش لەوە دەکەینەوە، قەوارەی هەرێمی کوردستان کە یەکێکە لە بەرهەمەکانی ڕاپەڕینی خەڵکی کوردستان، دەستکەوتێکی مێژوویی و گرانبەهای گەلی کوردستانە. ئەو دەستکەوتە دەبێ بپارێزرێ و بەهێز بکرێت و نابێ بە هیچ شێوەیەک کار بۆ لاوازکردن و بەلاڕێدابردنی ئەو بەها و ئامانجانە بکرێ کە گەلی کوردستان لەپێناویدا ڕاپەڕینی کرد.

مسعود بارزانی

5ـی ئاداری 2023

Paylas: