پەیامی کورد... عێراق سکاڵای دژی تورکیا لە ئەنجوومەنی ئاسایش تۆمار کرد
وەزارەتی دەرەوەی عێراق ڕایدەگەیەنێت، سکاڵای گەیاندووەتە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بۆ ئەنجامدانی دانیشتنێکی تایبەت دەربارەی هێرشەکەی دهۆک لەلایەن سوپای تورکیاوە کە بووە هۆی کوژرانی ٩ کەس.
ئەحمەد سەحاف وتەبێژی وەزارەتەکە ڕایگەیاند، وەزارەتی دەرەوە سکاڵای گەیاندووەتە ئەنجوومەنی ئاسایش و داوای کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی کردووە بۆ تاوتوێکردنی دوژمنکاریی تورکیا، وەک ئەوەی ئاژانسی هەواڵی فەرمیی عێراق بڵاوی کردووەتەوە.
چوارشەممەی ڕابردوو بەهۆی بۆردوومانێکی تورکیاوە بۆسەر هاوینەهەوارێک لە زاخۆ ٩ هاووڵاتیی مەدەنی کوژران و ٢٣ی دیکە برینداربوون.
پێشتریش وەزارەتی دەرەوەی عێراق عەلی ڕەزا کۆنای، باڵیۆزی تورکیای بانگێشتکرد و یاداشتی ناڕەزایەتیی توندی ڕادەستکرد، بەغدا داوایشی لە ئەنقەرە کرد سەرجەم هێزەکانی لە خاکی عێراقدا بکشێنێتەوە.
هەروەها حکومەتی عێراق ڕایگەیاند، ئەنجامدەری کارەکانی لە ئەنقەرە بانگێشتدەکاتەوە بەمەبەستی «وتووێژ و ڕاگۆڕینەوە»، پاش کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە