ڕووسیا بەندەرێکی بازرگانی لە باشووری ئۆکراینا بۆردوومان کرد

ڕووسیا بەندەرێکی بازرگانی لە باشووری ئۆکراینا بۆردوومان کرد

پەیامی کورد... ڕووسیا بەندەرێکی بازرگانی لە باشووری ئۆکراینا بۆردوومان کرد

سەرەڕای ئەوەی دوێنێ ڕووسیا و ئۆکراینا ڕێککەوتن لەسەر کردنەوەی بەندەرەکان بە ڕووی گواستنەوەی گەنم و بەرهەمە خۆراکییەکان، بەڵام ئەمڕۆ ڕووسیا جارێکی دیکە بەندەرێکی بازرگانی لە شاری ئۆدیسای باشووری ئۆکراینا کردە ئامانج.

ئەمڕۆ شەممە ٢٣ ی تەممووزی ٢٠٢٢ بەرپرسێکی حکومەتی ئۆکراینا بە میدیاکانی وڵاتەکەی ڕاگەیاندوە، بەیانی ئەمڕۆ ڕووسیا جارێکی دیکە بەندەرێکی بازرگانی کردووتە ئامانج کە تایبەت بوە بە گواستنەوەی گەنم و بەرهەمی دانەوێڵە، بەبێ ئەوەی ئاماژە بە زیانەکان و هۆکارەکەی بکات.

لای خۆیەوە باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە کیێڤی پایتەختی ئۆکراینا لە ڕاگەیەنراوێکدا باسی لەوە کردووە، بۆردوومانەکەی ڕووسیا بۆسەر دەروازەی ئۆدیسا ڕوداوێکی "ئابڕوبەرە" و دەبێت ڕووسیا لەسەر ئەو هێرشە لێپرسینەوەی لەگەڵدا بکرێت.

ئەوەش لە کاتێکدایە ڕۆژی هەینی ٢٢ی تەممووزی ٢٠٢٢ ڕووسیا و ئۆکراینا ڕێککەوتنێکیان بە چاودێریی نەتەوە یەکگرتووەکان و تورکیا لە شاری ئیستەنبوڵ واژۆ کرد تایبەت بە دەستپێکردنەوەی هەناردەی دانەوێڵە بۆ دەرەوە کە دەتوانێت قەیرانی خۆراکی لە جیهان کەمبکاتەوە و ملیۆنان کەس لە برسێتی بپارێزێت؛ ئەوەش بە دیارترین ڕێککەوتنی نێوان ڕووسیا و ئۆکراینا دادەنرێت لەوکاتەوەی جەنگی نێوانیان دەستیپێکردوە.

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە