بانکی ناوەندیی عێراق و ئەمریکا لەبارەی دۆلارەوە رێککەوتن
پەیامی کورد... بانکی ناوەندیی عێراق و ئەمریکا لەبارەی دۆلارەوە رێککەوتن
بانکی ناوەندیی عێراق ڕایگەیاند، لایەنی ئەمریکی ڕەزامەندییان نیشانداوە بۆ جێبەجێکردنی داواکارییەکانیان بۆ ناردنی دۆلاری کاش لە ساڵی تازەدا.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، بانکی ناوەندیی عێراق لە ڕاگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، کۆبوونەوەی بانکی ناوەندیی عێراق و شاندی یەدەگی فیدراڵی و وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا لە دوبەی کۆتاییهات.
ئاماژەی بەوەش کردووە، نوێنەری یەدەگی فیدراڵی و گەنجینەی ئەمریکا ئەو هەوڵانەی بانکی ناوەندیی عێراقیان بەرزنرخاند لە ماوەی ساڵی 2023ـدا بۆ گەیشتن بە پابەندبوون بە سیستمی بانکی داویەتی.
بانکی ناوەندیی عێراق باسی لەوەشکردووە، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا و یەدەگی فیدراڵیی ئەمریکا ڕەزامەندییان دەربڕیوە لەسەر جێبەجێکردنی داواکارییەکانی بانکی ناوەندیی عێراق بۆ ناردنی پارەی کاش بۆ ساڵی 2024.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، بانکی ناوەندیی عێراق سوورە لەسەر پاڵپشتیکردنی بانکە عێراقییەکان و بەرزکردنەوەی تواناکانیان و ئامادەکردنیان بۆ کارکردن بەگوێرەی پراکتیکە نێودەوڵەتییەکان.