بریندارێکی شۆڕشی ژینا لە پیرانشار دەستبەسەر کرا
پەیامی کورد... بریندارێکی شۆڕشی ژینا لە پیرانشار دەستبەسەر کرا
سادق مەحموودنژاد، یەکێک لەو خۆپیشاندەرانەی کە لە ڕەوتی بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی"دا بریندارکرابوو لە پیرانشار لەلایەن هێزەکانی حکوومەتەوە دەستبەسەرکرا.
بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی دووشەممە ١٢ی پووشپەڕی ٢٧٢٣ (٣ی جوڵای ٢٠٢٣)، سادق مەحموودنژاد، خەڵکی گوندی "جڕان سەر» بە پیرانشار، خێزاندار و باوکی منداڵێک لەلایەن هێزەکانی حکوومەتەوە لە ماڵەکەیدا دەستبەسەرکرا.
سەرەڕای ئەوەی کە سادق مەحموودنژاد، چەندجارێک لەنەخۆشخانەکانی خومەینیی ئورمیە، فارابیی تاران و ئیمام سەجادی ڕامسەر نەشتەرگەری بۆ چاوی ئەنجامدراوە، بینایی چاوی چەپی بەنزیکەی ٢٠ لەسەد لاوازبووە.
شیاوی ئاماژەپێدانە کە سادق مەحموودنژاد، لە ڕەوتی خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی شاری پیرانشار لە شەوی ٣٠ی ڕەزبەری ٢٧٢٢، لە گۆڕەپانی "مامۆستا هەژار" کەوتە بەرتەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی حکوومەت و چاوی پێکرا.
هەتا ئێستا، بارودۆخ، شوێنی ڕاگیران و ئەو تۆمەتانەی کە دراونەتە پاڵ ئەم هاووڵاتییە لە دوای دەستبەسەرکرانی لەلایەن هێزەکانی حکوومەتەوە بەنەزانراوی ماونەتەوە.