TR KU SO
FB X
Kurdistan

هاوژینی یەکێک لە شەهیدەکانی شۆڕشی ژینا دەستبەسەرکرا

Rozan Ateş
Yazar
📅 22 Ağustos 2023 21:07

پەیامی کورد... هاوژینی یەکێک لە شەهیدەکانی شۆڕشی ژینا دەستبەسەرکرا


شەرمین حەبیبی، هاوژینی فەرەیدوون مەحموودی کە ساڵی ڕابردوو لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی و لە شاری سەقز گیانی بەخت کرد، لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە دەستبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ ڕۆژی سێشەممە، ٣١ی گەلاوێژی ٢٧٢٣ (٢٢ی ئاگۆستی ٢٠٢٣)، شەرمین حەبیبی، دایکی منداڵێکی تەمەن ٧ ساڵ و ئەندامی بنەماڵەیەکی داخوازی شاری سەقز، لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانی ئەو شارەوە دەستبەسەر کرا.

تاکوو کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەکی ورد و دروست لەسەر هۆکاری دەستبەسەرکردن و ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ ئەو هاووڵاتییە و هەروەها شوێن و بارودۆخی ڕاگیرانی لە بەردەستدا نییە.

فەرەیدوون مەحموودی، تەمەن ٣٣ ساڵ و خەڵکی شاری سەقز، ڕۆژی دووشەممە، ٢٨ی خەرمانانی ٢٧٢٢ لە ڕەوتی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی ئەو شارە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکوومەتییەکان گیانی بەخت کرد. تەرمی ئەو گیانبەختکردووە بەهۆی گوشار و بەربەستی ناوەندە حکوومەتییەکانەوە لەلایەن بنەماڵەکەیەوە بە شەو و بەبێ بەڕێوەچوونی هیچ ڕێوڕەسمێک ئەسپەردە کرا.

Paylas: