ئەمریکا کوژرانی سەرکردەیەکی داعش لە سوریا راگەیاند
فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمریکا کوژرانی سەرکردەیەکی باڵای داعشی لە سوریا راگەیاند.
فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمریکا – سێنتکۆم لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، “16ی ئەم مانگە لە ئەنجامی هێرشێکی ئاسمانی هێزەکانمان لە سوریا، سەرکردەیەکی باڵای داعش بەناوی ئوسامە جەمال موحەمەد ئیبراهیم جەنابی کوژرا”.
لە بەیاننامەکەدا ئەوەشهاتووە، ” بەکوژرانی ئەو سەرکردەیەی داعش، توانای گرووپەکە بۆ دەستگەیشتن بە سەرچاوەی پێویست بۆ ئەنجامدانی کاری تیرۆرستی سنووردار دەبێت”.
سێنتکۆم لە بەیاننامەکەدا دڵنیایی بە هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکە دەدات کە بەردەوام دەبێت “لە ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنی دیکە بۆ کەمکردنەوەی هێزی داعش لە ئەنجامدانی چالاکی و دڵنیابوونەوە لە تێکشکانی گرووپەکە”.
فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمریکا باس لەوەشدەکات، هیچ ئاماژەیەک نییە کە لە ئەنجامی هێرشە ئاسمانییەکانی هێزەکانیاندا هیچ مەدەنییەک کوژرابێت.