٢٠٪ی خاکی ئۆکراینا لەلایەن ڕووسیاوە داگیر کراوە
پەیامی کورد... ٢٠٪ی خاکی ئۆکراینا لەلایەن ڕووسیاوە داگیر کراوە
ڤۆلۆدیمێر زیلینسکی سەرۆکی ئۆکراینا لە وتارێکی تۆمارکراوی ڤیدیۆییدا لەبەردەم پەرلەمانی لۆکسەمبۆرگ ڕاشیگەیاند، پێویستە بەرگری لە خۆمان بکەین دژ بە نزیکەیی تەواوی سوپای ڕووسیا. سەرجەم پێکهاتە سەربازییە ئامادەکانی ڕووسیا لەم دوژمنکارییەدا تێوەگلاون.
ئاماژەی بەوەشکرد کە هێڵەکانی پێشەوەی شەڕ بۆ زیاتر لە هەزار کیلۆمەتر درێژ بووەتەوە.
دوێنێ چوارشەممە هێزەکانی ڕووسیا گەیشتە ناوەندی شاری سیڤیرۆدۆنیتسک لە ڕۆژهەڵاتی ئۆکراینا، بەمەش دەستکەوتێکی لە هێرشەکانی بۆسەر ناوچەی دونباس چنییەوە.
پاش چەند ڕۆژێک لە شەڕی توند لە دەوروبەری سیڤیرۆدۆنیتسک، کە زۆرینەی بووە داروپەردوو بەهۆی بۆردوومانی مووشەک بهاوێژەرە ڕووسییەکان، هێزەکانی ڕووسیا پێشڕەوییان بەرەو شەقامەکانی شارەکە دەستپێکرد.
لە کاتێکدا ئەگەر ڕووسیا شارەکە کۆنترۆڵ بکات لەگەڵ لیسیچانسک کە دەکەوێتە بەری خۆرئاوای ڕووباری سیڤرسکی دۆنیتس، ئەوکات کۆنتڕۆڵی لۆگانسک-ی کردووە، کە یەکێک لەو دوو ناوچەیەی هەرێمی دۆنباس-ی پێکهێناوە و مۆسکۆ هەوڵی کۆنترۆڵکردنی دەدات لە بەرژەوەندیی جوداییخوازەکان، ئەمەش یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی ڕوسیایە لەم شەڕەدا.
لە ساڵی ٢٠١٤دا ڕووسیا هەڵیکوتایەسەر نیمچە دوورگەی قرم و خستیەپاڵ خۆی، هەروەک کۆنتڕۆڵی شاری ماریۆپۆلی سەر دەریای کرد کە دەکەوێتە باشووری ڕۆژهەڵاتی ئۆکراینا، کە بەسەر دەریای ئازۆف-دا دەڕوانێت، پاش خاپوورکردن و ئاوارەکردنی دانیشتووانەکەی، سەرەڕای کۆنترۆڵکردنی ناوچەکانی باشوور و ڕۆژهەڵاتی ئۆکراینا لە دەستپێکی شەڕەکەیەوە لە ٢٤ی شوباتی ڕابردوو.