ژمارەی سەربازە کوژراوەکانی سوپای ڕووسیا گەیشتە ٢٦ هەزار
پەیامی کورد... ژمارەی سەربازە کوژراوەکانی سوپای ڕووسیا گەیشتە ٢٦ هەزار
سەرۆکایەتی ئەرکانی سوپای ئۆکراینا ئاشکرایکرد لە دەستپێکی جەنگەوە تا ئەمڕۆ، ژمارەی کوژراوانی سوپای ڕووسیا گەیشتووەتە ٢٦ هەزار سەرباز.
سەرۆکایەتی ئەرکانی سوپای ئۆکراینا نوێترین زانیاری لە بارەی زەرەر و زیانەکانی سوپای ڕووسیا لە ٢٤ی شوبات-١٠ی ئایار، خستە ڕوو و کوژرانی ٣٥٠ سەربازی دیکەی سوپای ڕووسیای لەمیانی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا ڕاگەیاند.
بەگوێرەی زانیارییەکانی سەرۆکایەتی ئەرکانی سوپای ئۆکراینا تا ئەمڕۆ، ٢٦ هەزار سەربازی ڕووسیا کوژراون، هەروەها ١٩٩ فڕۆکەی جەنگیی، ١٥٨ هەلیکۆپتەر، هەزار و ١٧٠ تانک، دوو هەزار و ٨٠٨ ئۆتۆمبێلی زرێپۆش، ٥١٩ تۆپهاوێژ، ١٨٥ مووشەکهاوێژ و ٨٧ سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی ڕووسیا، تێک شکێنراون.
ڕاشیگەیاندووە کە ڕووسیا هەزار و ٩٨٠ ئۆتۆمبێلی سەربازیی، ٣٨٠ فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و ١٢ کەشتی و یەختی خێرایی مامناوەندی لەدەستداوە.
هەر بەپێی هەمان سەرچاوە توانراوە ٩٤ مووشەکی ئاراستەکراوی سوپای ڕووسیا لەلایەن یەکەکانی هێزی بەرگریی ئاسمانیی ئۆکرایناوە تێک بشکێنرێت.
ئەوە لەکاتێدایە وەزارەتی بەرگریی ڕووسیا پێشتر لە ڕاگەیەندراوێکدا کە لە ٢٥ی ئاداری ڕابردوو بڵاوی کردبووەوە کوژرانی هەزار و ٣٥١ سەربازی لە ئۆکراینا ڕاگەیاندبوو.