ژمارەی سەربازە کوژراوەکانی ڕووسیا لە شەڕی ئۆکراینا گەیشتە ٢٦ هەزار کەس
پەیامی کورد... ژمارەی سەربازە کوژراوەکانی ڕووسیا لە شەڕی ئۆکراینا گەیشتە ٢٦ هەزار کەس
سەرۆکایەتی ئەرکانی سوپای ئۆکراینا ڕایگەیاند، لە دەستپێکی جەنگەوە تا ئەمڕۆ، ژمارەی کوژراوانی سوپای ڕووسیا گەیشتووەتە ٢٦ هەزار سەرباز.
سەرۆکایەتی ئەرکانی سوپای ئۆکراینا نوێترین زانیاری لە بارەی زەرەر و زیانەکانی سوپای ڕووسیا لە ٢٤ی شوباتەوە بۆ ١٠ی ئایار بڵاو کردەوە و کوژرانی ٣٥٠ سەربازی دیکەی سوپای ڕووسیای لەمیانی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا ڕاگەیاند.
بەگوێرەی زانیارییەکانی سەرۆکایەتی ئەرکانی سوپای ئۆکراینا تا ئەمڕۆ، ٢٦ هەزار سەربازی ڕووسیا کوژراون و ١٩٩ فڕۆکەی جەنگیی، ١٥٨ هەلیکۆپتەر، هەزار و ١٧٠ تانک، دوو هەزار و ٨٠٨ ئۆتۆمبێلی زرێپۆش، ٥١٩ تۆپهاوێژ، ١٨٥ مووشەکهاوێژ و ٨٧ سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی ڕووسیا، تێکشکێندراون.
ڕاشیگەیاندووە کە ڕووسیا هەزار و ٩٨٠ ئۆتۆمبێلی سەربازیی، ٣٨٠ فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و ١٢ کەشتی و یەختی خێرایی مامناوەندی لەدەستداوە.
هەر بەپێی هەمان سەرچاوە توانراوە ٩٤ مووشەکی ئاراستەکراوی سوپای ڕووسیا لەلایەن یەکەکانی هێزی بەرگریی ئاسمانیی ئۆکرایناوە تێکبشکێنرێت.
ئەوە لە کا تێدایە، وەزارەتی بەرگریی ڕووسیا پێشتر لە ڕاگەیەندراوێکدا کە لە ٢٥ی ئاداری ڕابردوو بڵاوی کردبووەوە کوژرانی هەزار و ٣٥١ سەربازی لە ئۆکراینا ڕاگەیاندبوو.