ئەمریکا هێزی سەربازی ڕەوانەی پۆڵەندا کرد
پەیامی کورد... ئەمریکا هێزی سەربازی ڕەوانەی پۆڵەندا کرد
وەزارەتی بەرگری پۆڵەندا ڕایگەیاند، یەکەم بەشی هێزەکانی ئەمریکا گەیشتنە وڵاتەکەی، ئەمەش بەمەبەستی پتەوکردنی بەرگری هاوپەیمانانی ناتۆ لە ڕۆژهەڵاتی ئەورووپا.
ئەم جووڵەیەی ئەمریکا بۆ ڕەوانەکردنی هێزی زیاتر بۆ ڕۆژهەڵاتی ئەورووپا لە ناوەندی زیادبوونی گرژییەکانی نێوان ڕووسیا و ئۆکراینادایە، لە کاتێکدا ڕووسیا زیاتر لە 100,000 سەربازی لەنزیک سنوورەکانی ئۆکراینا جێگیر کردووە، وڵاتانی ڕۆژئاواش نیگەرانن لەسەر ئەوەی ڕووسیا پلانی داگیرکردنی ئۆکراینای هەبێت، بەڵام مۆسکۆ ڕەتی دەکاتەوە پلانی لەو جۆرەی هەبێت.
گوتەبێژی سوپای پۆڵەندا گوتی، وەکوو ڕاگەیەنرابوو، یەکەم بەشی هێزەکانی سوپای ئەمریکا گەیشتنە پۆڵەندا.
دوای ئەوەی هەفتەی ڕابردوو سەرۆکی ئەمریکا فەرمانی کرد (1,700) سەربازی دیکەی ئەمریکی ڕەوانەی ڕۆژهەڵاتی ئەورووپا بکرێن، هێزەکانی ئەمریکا گەیشتنە بنکەی سەربازی جێزۆو لە باشووری ڕۆژهەڵاتی پۆڵەندا، نزیک سنووری ئۆکراینا، لە ساڵی (2017) ەوە نزیکەی (4,000) سەربازی ئەمریکا لە پۆڵەندا جێگیرکراون.
بایدن فەرمانیشی کرد هێز بۆ ئەڵمانیا و ڕۆمانیاش ڕەوانە بکرێت، بەمەش ژمارەی ئەو هێزانەی ڕەوانەی ئەورووپا کراون گەیشتە نزیکەی (3,000) سەرباز.
لە ماوەی ڕابردوودا سوپای ئەمریکا ڕایگەیاند نزیکەی (1,700) سەربازی ئەمریکی لە چەند ڕۆژی داهاتوودا لە بنکەی سەربازی فۆرت براگی نۆرپ کارۆلایناوە ڕەوانەی پۆڵەندا دەکرێن.
هاوکات ئەمریکا لە مانگی یەکدا (8,500) سەربازی دیکەی خستە ئامادەباشییەوە، لە کاتێکدا ئەگەر پێویست بکات ڕەوانەی ئەورووپا دەکرێن، لە (16 و 17) ی مانگی دووشدا وەزیرانی بەرگری وڵاتانی هاوپەیمانێتی ناتۆ کۆ دەبنەوە و تاوتوێی زیادکردنی هێزەکانیان دەکەن لە ڕۆژهەڵاتی ئەورووپادا.
لە ڕۆژانی داهاتوودا سەرۆکی فەرەنسا ئیمانوێل ماکرۆن و ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ئۆلاف شۆڵز بە جیا سەردانی ڕووسیا و ئۆکراینا دەکەن و لەگەڵ هاوتاکانیاندا کۆ دەبنەوە، سەردانەکانیش مەبەست لێیان دۆزینەوەی ڕێگە چارەیەکی سیاسییە بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان لە ناوچەکەدا.
وا بڕیارە ڕۆژی دووشەممە سەرۆکی فەرەنسا ئیمانوێل ماکرۆن سەردانی مۆسکۆ بکات و ڕۆژی سێشەممەش سەردانی کیێڤی پایتەختی ئۆکراینا بکات، هەفتەی دواتر ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ئۆلاف شۆڵز لە 14 ی مانگی دوودا سەردانی کیێڤ دەکات و دواتر لە 15 ی هەمان مانگدا سەردانی مۆسکۆ دەکات.