بنکەی عین ئەسەد دیسان کرایە ئامانج
پەیامی کورد... بنکەی عین ئەسەد دیسان کرایە ئامانج
چەند کاتژمێرێک دوای سەردانەکەی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ بەغدا، بە مووشەک هێرشکرایە سەر بنکەی سەربازیی عەین ئەسەد کە هێزەکانی ئەمریکا تیادا جێگیرکراون.
گرووپی "مقاومەی ئیسلامی لە عێراق" لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرایکرد، بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە 6ی تشرینی دووهمی 2023، بە چوار مووشەک هێرشیان کردووەتە سەر بنکەی سەربازیی عەین ئەسەد لە سنووری پارێزگای ئەنبار کە هێزەکانی ئەمریکا تیادا جێگیرکراون.
بە گوێرەی راگەیەندراوەکە، هەر چوار مووشەکەکە ئامانجەکانیان پێکاوە و "هێرشکارەکانیش بە سەلامەتی گەڕاونەتەوە شوێنی خۆیان".
زیانە گیانی و ماددییەکانی هێرشەکە ئاشکرانەکراون. تا کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پێنتاگۆن) و لایەنە پەیوەندیدارەکان، بە شێوەیەکی فەرمی هێرشەکەیان پشتڕاست نەکردووەتەوە.
هێرشەکە دوای چەند کاتژمێرێک لە سەردانەکەی شەوی رابردووی ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ بەغدا دێت. پێشتر گرووپی "مقاومەی ئیسلامی لە عێراق" رایگەیاندبوو، ئەگەر بلینکن سەردانی عێراق بکات، دۆخەکە ئاڵۆزدەکەن و باڵیۆزخانەی ئەو وڵاتە لە بەغدا دادەخەن.
ئەمریکا زیاتر لە سێ ههزار و 500 سەربازی لە عێراق و سووریا هەیە. لە دوای سەرهەڵدانی جەنگی نوێی حەماس و ئیسرائیل لە 7ی تشرینی یهكهمی 2023، تا ئێستا، زیاتر لە 30 جار هێرشکراوەتە سەر بنکە سەربازییەکانی ئەو وڵاتە لە عێراق و سووریا. سەرۆک و بەرپرسە باڵاکانی ئەمریکا چەندین جار هێرشەکانیان خستووەتە ئەستۆی گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران.
بەگوێرەی دوایین ئاماری وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا (پێنتاگۆن)؛ لە ئەنجامی ئەو هێرشانەی لە ماوەی چەند هەفتەی رابردوودا کراونەتە سەر هێزەکانیان لە عێراق و سووریا، 21 سەرباز و هاووڵاتیی ئەمریکی بریندرابوون. ئەمە بێجگە لەو زیانە ماددییانەی بەر بنکە سەربازییەکان کەوتوون.