فیلمی "نانی موقەدەس" خەڵاتی دووەمین فێستیڤاڵی فیلمی کوردیی "مۆسکۆ"ی بەدەست هێنا
پەیامی کورد... فیلمی "نانی موقەدەس" خەڵاتی دووەمین فێستیڤاڵی فیلمی کوردیی "مۆسکۆ"ی بەدەست هێنا
فیلمی دیکۆمێنتاریی "نانی موقەدەس" لە دەرهێنانی "ڕەحیم زەبیحی" و ئامادەکاریی ''تۆرەج ئەسلانی''، لە بەشی پێشبڕکێی بڵاوکردنەوەی دووەمی فێستیڤاڵی فیلمی کوردیی "مۆسکۆ" لە ڕووسیا خەڵاتی باشترین فیلمی دیکۆمێنتاریی بەدەست هێنا.
فیلمی دیکۆمێنتاریی "نانی موقەدەس" داویین بەرهەمی ''ڕەحیم زەبیحی'' بە ئامادەکاری ''تورەج ئەسلانی'' و بەرهەمهێنانی کۆمپانیای سینەمایی "ماد مووی''یە.
ئەو فیلمە دوای بەشداریکردنی لە فێستیڤاڵە بەناوبانگە نێودەوڵەتییەکان و بەدەستهێنانی چەندین خەڵاتی گرنگ لە نوێترین و یازدەیەمین بڵاوکردنەوەی نێودەوڵەتیدا، بەشی پێشبڕکێی "فیلمی دیکۆمێنتاری درێژ" لە قۆناغی دووەمی فێستیڤاڵی فیلمی کوردیی "مۆسکۆ" نمایش کرا و لەلایەن بینەرانی سینەمایی پێشوازی لێ کرا و توانی خەڵاتی باشترین فیلمی دیکۆمێنتاریی ئەم فێستیڤاڵە بەدەستبهێنێت.
ڕەحیم زەبیحی لە شاری بانە لە دایک بووە و یەکێکە لە سینەماکارە بەتواناکانی کورد بووە.
کورتە فیلمەکانی ''هاوار''، ''سەتەلایت''، ''کۆتایی شەڕ''، ''ئەو پیاوەی کە چوو بۆ سەیران''، ''ساتە مەزادکراوەکان''، ''تیرۆریستێک دادەبەزێت''، ''ڕۆژی دوایی''، ''ئیسترێس''، ''سەمای ڕەنگەکان''، ''ژانی دابڕانی ئەبەدی''، فیلمی ''وڵاتی ئەفسانە'' و چەند بەرهەمێکی سینەمایی "زەبیحی"ن، کە لە چەندین فێستیڤاڵی سینەمایی ناوچەیی و جیهانیی گرنگدا پیشان دراون و خەڵاتیان وەرگرتووە.
ساڵی ٢٠١٨ لە ڕووداوێکی گوماناوی هاتووچۆدا "ڕەحیم زەبیحی" و برایەکی گیانیان لەدەستدا.