Kurdistan
کۆڵبەرێکی کورد بە تەقەی هێزەکانی ئێران کوژرا
کۆڵبەرێکی خەڵکی جوانڕۆ بەناوی پەیمان ئەحمەدی، لە کاتی کۆڵبەری کردن لە سنووری نەوسوود بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی حکومەت کوژرا.
بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی شەممە (٢٣ی مارسی ٢٠٢٤)، هێزە چەکدارەکانی ئێران جێگیر لە سنووری نەوسوود، تەقەیان لە ژمارەیەک کۆڵبەر کردووە و لەئاکامدا کۆڵبەرێک بەناوی پەیمان ئەحمەدی تەمەن ٣٥ ساڵ و خەڵکی گوندی کاکاڕەشی سەر بە شاری جوانڕۆ کوژراوە.
بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، تەرمی ئەو کۆڵبەرە بۆ یەکێک لە ناوەندە دەرمانییەکانی شاری کرماشان گواستراوەتەوە و تا ئێستا ڕادەستی بنەماڵەکەی نەکراوەتەوە.
پەیمان ئەحمەدی، یەکەمین کۆڵبەری کوژراو لەلایەن هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ساڵی نوێی کوردیدا بە هەژمار دێت.