TR KU SO
FB X
Kurdistan

سوپای پاسداران بەرپرسیارێتیی خۆی لە هێرشەکەی سەر هەولێر ڕاگەیاند

Rozan Ateş
Yazar
📅 13 Mart 2022 19:30

پەیامی کورد... سوپای پاسداران بەرپرسیارێتیی خۆی لە هێرشەکەی سەر هەولێر ڕاگەیاند

سوپای پاسدارانی ئێران لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، "شەوی رابردوو 'ناوەندی رێکخستنی پیلانگێڕی و ئاژاوەنانەوەی زایۆنییەکان' کرانە ئامانجی مووشەکە بەهێزەکانمان".

سوپای پاسدارانی ئێران لە راگەیەندراوێکدابەرپرسیارێتیی هێرشەکەی لە ئەستۆ گرت و لەبارەی هۆکاری هێرشەکەوە ئاماژەی بەوە دا، "لە ئەنجامی تاوانەکانی ئەمدواییەی رژێمی ساختەی زایۆنی و راگەیاندنی پێشتر بەوەی کە ئەو تاوانانە بێ وەڵام نامێننەوە، شەوی رابردوو ناوەندی ستراتیژیی پیلانگێڕی و ئاژاوەنانەوەی زایۆنیستەکان بە مووشەک بەهێزەکانی سوپای پاسداران کرانە ئامانج".

هەرچەندە پێشتر ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، رەتیکردەوە کە هیچ بنکە و شوێنی ئیسرائیل لە هەرێمی کوردستاندا هەبێت، بەڵام بەرپرسانی ئێران دەڵێن هێرشەکان بۆ سەر ئیسرائیل بووە.

سوپای پاسداران هەفتەی رابردوو کوژرانی دوو ئەفسەری پلەداری لە سووریا راگەیاند، بەگوتەی سوپا لە هێرشی ئیسرائیل کوژرابوون. سوپای پاسداران هەڕەشەی کردبوو تۆڵەیان دەکاتەوە.

لە راگەیەندراوەکەی سوپای پاسداران هاتووە، "جارێکی دیکە هۆشدار بە رژێمی تاوانکاری زایۆنی دەدەین دووبارەکردنەوەی هەر ئاژاوەنانەوەیەک بە وەڵامی تووند و یەکلاکەرەوە و وێرانکەر رووبەڕوو دەبێتەوە. هەروەها دەشڵێت، "دڵنیایی دەدەینە گەلی مەزنی ئێران، ئاسایش و ئارامی نیشتمانی ئیسلامی هێڵی سووری هێزە چەکدارەکانی ئێران و رێگە بە هیچ کەسێک نادرێت ببێتە مایەی هەڕەشە و دەستدرێژی بکاتە سەر".

دوای هێرشە مووشەکییەکەی سەر شاری هەولێر، سوپای پاسداران لە هەژماری خۆی لە تویتەر وێنەی ئەو دوو پلەدارەی بڵاوی کردەوە و نووسی: "کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ وەڵامدانەوەی شەیتانەکان ساتێک راناوەستێت و هەر کردەوەیەکی دژی گەلی ئێران وەڵامێکی رووخێنەری بەدواوە دێت".

کاتژمێر یەکی بەرەبەیانى ئەمرۆ، 12 مووشەکی دوورمەودای بالیستی لە سنوورەکانی دەرەوەی عیراق، لە رۆژهەڵاتەوە ئاراستەی باڵەخانەی نوێی کۆنسوڵخانەی ئەمەریکی لە هەولێر کران. هێرشەکە زیانی ماددی لێکەوتەوە و دوو کەسیش بە سووکی برینداربوون.

 

 

 

Paylas: