ئاستی ئاوی بەنداوی باوە شاسوار دوو ملیۆن مەتر سێجا کەمی کردووە
پەیامی کورد... ئاستی ئاوی بەنداوی باوە شاسوار دوو ملیۆن مەتر سێجا کەمی کردووە
بەنداوی باوە شاسوار لە قەزای کفری توانای گلدانەوەی ٦ ملیۆن مەتر سێجا ئاوی هەیە، بەڵام ئێستادا بەهۆی کەمی ڕێژەی بارانبارینەوە ئاستی ئاوەکەی تەنیا ٣ ملیۆن مەتر سێجایە.
عەزیز کەریم، بەڕێوەبەری بەنداوی باوە شاسوار لە قەزای کفری، ڕایگەیاند: بەپێی خوێندنەوەی پێوەرەکانی ئاستی ئاوەکەی لە ڕوی دەریاوە، ئێستا ٢٨٣ مەترە و ئەو بڕە ئاوەشی کە لە ئێستادا دەیگرێتە خۆی ٣ ملیۆن مەتر سێجایە، لە کاتێکدا لە ساڵانی بارانە ساڵدا لەم کاتەدا دەگەیشتە ٥ ملیۆن مەتر سێجا، بەمەش ٢ ملیۆن مەتر سێجا ئاوەکەی کەمی کردووە و ئاستەکەشی نزیکەی ٢ مەتر دابەزیوە.
ئەوەشی خستە ڕوو: ئەم بەنداوە توانای گلدانەوەی ٦ ملیۆن مەتر سێجا ئاوی هەیە، سەرچاوەکانی ئاوی ئەم بەنداوەش باراناو و سەرچاوەکانی ئاوی هۆمەر مل و بەکرە شەلە.