پەیامی کورد ... شاندێکی پەرلەمانی کوردستان سەردانی بەغدا دەکات
بڕیارە شاندێكی لیژنەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم لە پەرلەمانی كوردستان، سەردانی بەغدا بكات، ئەندامێكی لیژنەكەش دەڵێ، مەبەست لە سەردانەكە، راگرتنی تەعریب و داگیركارییە لە ناوچە كوردستانییەكان.
ڕۆبینە تیاری، ئەندامی لیژنەی ناوچە كوردستانییەكان، ڕایگەیاند: "شەپۆلێكی تەعریب و داگیركاری لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان دەستی پێكردووە و دیارە تا دێت داگیركاری و تەعریب ڕوو لە ھەڵكشانە و ھیچ سنوورێكی نەھێشتووەتەوە و بە پیلان كار بۆ تێكدانی رەوشی ئەو ناوچانە دەكرێت، بە تایبەتی ھێنانی عەرەبی شۆڤێنی بۆ گوند و ناوچە كوردنیشینەكان".
ئەو ئەندامەی لیژنەی ناوچە كوردستانییەكان دەشڵێت: "رۆژانە داگیركاری بەردەوامە و دەیانەوێ زەویی كورد داگیر بكرێت لە زۆر ناوچە، بەداخەوە ئیدارەی ئەو ناوچانەش بێدەنگە لە ھەمبەر پیلانی داگیركاری و تەعریب".
تیاری، هەروەها جەختیشی كردەوە: "لیژنەی ناوچە كوردستانییەكان دەمێكە لە ھەوڵدایە بۆ ئەوەی سنوورێك بۆ داگیركاری و تەعریب دابنرێت و بڕیاریشە شاندێكی لیژنەی ناوچە كوردستانییەكان سەردانی بەغدا بكات، بێگومان ئامانجی سەردانەكەمان بۆ ئەوەیە حكوومەتی فیدڕاڵ ئەركی یاسایی و دەستووریی خۆی جێبەجێ بكات بۆ راگرتنی تەعریب و داگیركاری، ھەروەھا بە ھەماھەنگی لەگەڵ حكوومەتی ھەرێمی كوردستان و لە چوارچێوەی دەستوور و یاسا، كێشەی ئەو ناوچانە چارەسەر بكرێت".
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە