ڕێژەی هەژاری لە عێراق گەیشتووەتە 25%

ڕێژەی هەژاری لە عێراق گەیشتووەتە 25%

پەیامی کورد... ڕێژەی هەژاری لە عێراق گەیشتووەتە 25%

وەزارەتی پلاندانانی عێراق ئاشکرای کرد، ڕێژەی هەژاری لە عێراق لە ساڵی 2022دا 25%ی کۆی دانیشتوانی عێراق بووە.

عەبدولزەهرە هنداوی، گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق، بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی ڕاگەیاند: "لە ساڵی 2022 ڕێژەی هەژاری 25%ی کۆی دانیشتوانی عێراق بووە.''

ئاماژەی بەوەش دا: "بەرزبوونەوەی ڕێژەی هەژاری بۆ چەند هۆکارێک دەگەڕێتەوە، لەوانە کاردانەوەکانی پەتای کۆرۆنا لە ماوەی ساڵانی 2020 و 2021 و وەستانی چالاکییە ئابوورییەکان، ئەمە جگە لە قەیرانی ئابووری لە ئەنجامی دابەزینی نرخی نەوت و وەستانی پڕۆژەکان.''

جەختیشی کردەوە، ئامادەکاری لەلایەن ناوەندی ئاماری وەزارەت هەیە بۆ دەستپێکردن و جێبەجێکردنی ڕاپرسی لەسەر ئاستی ئابووری و کۆمەڵایەتی بۆ خێزانەکان لە عێراقدا.

گوتیشی: "ئەم ڕاپرسییە ئەنجام و نیشاندەری نوێی لەسەر هێڵی هەژاری و بێکاری دەردەخات، ئێستاش ئامادەکاری بۆ ئامادەکردنی ستراتیژیەتێک دەکەین بۆ کەمکردنەوەی ئاستی هەژاری لە ماوەی پێنج ساڵی داهاتوودا.''

گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق ڕوونیشی کردەوە: ئەم ستراتیژە واقیعی هەژارەکانی کۆمەڵگا لەبەرچاو دەگرێت و پێداویستییەکانی ژیانیان لە بواری تەندروستی و نیشتەجێبوون و پەروەردە و باشترکردنی داهاتیان بۆ جێبەجێ دەکات. گوتیشی: "حکوومەت کۆمەڵێک ڕێوشوێنی گرتووەتە بەر بۆ پاڵپشتیکردنی کەسانی کەمدەرامەت و هەژاران سەبارەت بە بەرزکردنەوەی ئاستی داهاتیان، ئەویش بە زیادکردنی مووچەی ئەو کەسانەی کە چاودێریی کۆمەڵایەتی دەیانگرێتەوە، ئەوە جگە لە باشترکردنی کارتی بەشەخۆراکی مانگانە بە زیادکردنی خۆراکی نوێ، هەروەها ڕێوشوێنەکان لە بواری تەندروستیشی لەخۆ گرتووە، لە ڕێگەی بیمەی تەندروستییەوە، چونکە ئەم ڕێوشوێنانە کاریگەریی ئەرێنییان لەسەر هەژاران دەبێت.''

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە