وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا سەردانی هەولێر دەکات

وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا سەردانی هەولێر دەکات

پەیامی کورد      ...    وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا سەردانی هەولێر دەکات

بە گوێرەی ڕاگەێندراوێكی وەزارەتی دەرەوەی فەڕەنسا، كە دوێنێ چوارشەممە بڵاوی كردەوە، وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا، ژان ئیڤ لۆدریان، ئەمڕۆ پێنجشەممە دەگاتە بەغدا و دواتر سەردانی هەولێر دەكات. لەبارەی ئەو سەردانەشەوە، نوێنەری حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە ووڵاتی فەڕەنسا ڕایدەگەیەنێت، وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا لەگەڵ بەرپرسانی عێراق و هەرێمی كوردستان كۆدەبێتەوە بۆ خستنەڕووی سیاسەتی چوار ساڵی داهاتوو لەگەڵ حكوومەتی عێراق.

نوێنەری حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە ووڵاتی فەڕەنسا ، عەلی دۆڵەمەری ڕایگەیاند : "بڕیارە ئەمرۆ پێنجشەممە، وەزیری دەرەوە فەڕەنسا، ژان ئیڤ لۆدریان، بگاتە عێراق و لە بەغدا لەگەڵ بەرپرسانی عێراق كۆدەبێتەوە بۆ خستنەڕووی سیاسەتی چوار ساڵی داهاتوو لەگەڵ حكوومەتی عێراق و دواتریش سەردانی هەرێمی كوردستان دەكات".

سەبارەت بە بەرنامەی كاری سەردانەكەی وەزیری دەرەوەی فەڕەنساش، دۆڵەمەری گوتی: "وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا دوای بەغدا سەردانی شاری هەولێر دەكات و بۆ شەویش لە هەولێر دەمێنێتەوە، ئەمەش گرینگی زۆری هەیە و چەندین جاریش سەردانی عێراق و هەرێمی كوردستانی كردووە و بۆ شەوەكەی لە هەولێر ماوەتەوە، دواتریش كۆبوونەوەی دەبێت لەگەڵ جەنابی (سەرۆك بارزانی) و، سەرۆكی هەرێمی كوردستان و سەرۆكی حكوومەت و، پاشان لە بەرنامەیدایە سەردانی هێزەكانی خۆیان لە سەربازگە بكەن بۆ شەڕی دژی داعش، كە لە چوارچێوەی هاوپەیمانیەتیی نێودەوڵەتی لە هەرێمی كوردستانن، هەروەها بابەتی ئابووری و كەلتووری و پەتای كۆرۆناش باس دەكات، چوونكە بڕیار بوو زۆر شت بكرێت لە نێوان هەرێمی كوردستان و ووڵاتی فەڕەنسا، بەڵام بە هۆی هاتنی پەتای كۆرۆنا ڕاوەستاون".

دۆڵەمەری، دەربارەی گرینگی سەردانەكەش ووتی: "ئەو سەردانە گرینگە، چوونكە كابینەی نوێی حكوومەتی عێراق تازە پێكهاتووە و، فەڕەنساش یەكێكە لەو ووڵاتانەی زۆر گرینگی بە عێراق و هەرێمی كوردستان دەدات، رۆڵێكی ئیجابیی بینیوە و دەیەوێت لەو رۆڵەی بەردەوام بێت و، لەگەڵ حكوومەتی عێراقیش گفتوگۆ بكات بە تایبەت لە شەڕی داعش كە هێشتا تەواو نەبووە و، فەڕەنساش قوربانی زۆری داوە لەو شەڕە و زۆریش جەخت دەكەنەوە كە دەبێت كۆتایی بە داعش بهێنرێت لە عێراق و لەسووریا".

نوێنەری حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە ووڵاتی فەڕەنسا ووتیشی: "بۆ هەرێمی كوردستانیش زۆر گرینگە، لەبەر ئەوەی كورد فاكتەرێكی سەرەكی بووە لە شەڕی دژ بە داعش، هیچ كات وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا نەهاتووەتە عێراق بە بێ هەرێمی كوردستان، چونكە دەزانن كورد فاكتەرێكی سەرەكی بووە بۆ ئاشتی نەك تەنها لە عێراق، بەڵكو لە ناوچەكەشدا".

جان ئیڤ لودریان، وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا، ئەمە جاری سێیەمە سەردانی هەرێمی كوردستان دەكات، پێشتریش رێكەوتی ١٥-١-٢٠١٩ سەردانی هەرێمی كوردستانی كرد، هاوكات لە مانگی تشرینی یەكەمی ٢٠١٩ جارێكی دیكە سەردانی هەرێمی كوردستانی كردەوە.

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە