کوژرانی ١٠ چەکداری داعش لە مووسڵ

کوژرانی ١٠ چەکداری داعش لە مووسڵ

پەیامی کورد … کوژرانی ١٠ چەکداری داعش لە مووسڵ

 

شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنی سوپای عێراق ڕایگەیاند، لە بۆردومانێکی ئاسمانیدا بۆسەر حەشارگەیەکی چەکدارانی داعش لە موسڵ، ١٠ چەکداری ئەو ڕێکخراوە کوژران.

 

لە بەیاننامەیەکدا شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنی کە ئاژانسی هەواڵی نیشتمانی عێراق گوێزراوەتەوە، ئاماژە بەوە دەکات فڕۆکە جەنگییەکانی هاوپەیمانان بە هەماهەنگی لەگەڵ فەرماندەی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکان، هێرشێکی ئاسمانیان کردووەتە سەر چیای (عەدایە) لە پارێزگای نەینەوا، بەهۆی هێرشەکەوە حەشارگەیەکی چەکدارانی داعش خاپور بووە، کە دەرکەوتووە ١٠ چەکداری ڕێکخراوەکەی تیا بووە و سەرجەمیان کوژراون.

 

لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، دوای هێرشەکە لیوای ٧٥ و ٩٢ی پیادەی سوپای عێراق، کێوماڵی ناوچەکەی کردووە و تووشی دوو چەکداری داعش بوون و پێکدادان هاتووەتە ئاراوە و دەستبەجێ هەردووکیان کوژراون و دەرکەوتووە  هەردووکیان پشتێنی بۆمبڕێژکراویان پێبووە.

 

لە لایەکی ترەوە بەیاننامەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، فڕۆکە جەنگییەکانی هاوپەیمانان هێرشێکی ئاسمانی دیکەی لە نزیک پارێزگای سەلاحەدین ئەنجامداوە و بەهۆیەوە تونێلێکی چەکداراین داعش بە تەواوی  خاپور بووە.

 

ئەوەش لە کاتێکدایە لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا، چەکدارانی داعش لە پارێزگاکانی نەینەوا و سەلاحەدین و کەرکوک و دیالە جموجوڵەکانیان دەستپێکردووەتەوە، کە تا ئێستا چەند جارێک لەگەڵ سوپای عێراق و هێزەکانی حەشدی شەعبی بەشەڕ هاتوون و کوژراو لە هەردوولا هەبووە.

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە