سوپای ئەمریكا بەتەواوی ئەفغانستانی جێهێشت

سوپای ئەمریكا بەتەواوی ئەفغانستانی جێهێشت

پەیامی کورد … سوپای ئەمریكا بەتەواوی ئەفغانستانی جێهێشت

وەزارەتی بەرگری ئەمریكا ڕایگەیاند، شەوی رابردوو دوا سەربازانی وڵاتەكەی لە ئەفغانستان بە فڕۆكە ئەو وڵاتەیان جێهێشت، بەمەش كۆتایی بە درێژترین شەڕی ئەمریكا هات كە نزیكەی (20) ساڵی خایاند.

ژەنەڕاڵ (كێنس مەككەنزی) فەرماندەی فەرماندەیەتی ناوەندی سوپای ئەمریكا لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانی لە ڕێگەی ڤیدیۆ كۆنفرانسەوە وتی: من لێرەدام بۆ ئەوەی ڕایبگەیەنم كشانەوەمان لەڕ ئەفغانستان جێبەجێكرد، وتیشی : دوا فڕۆكەی (C-17) كە فڕۆكەخانەی كابۆلی جێهێشت شەوی رابردوو بوو.

ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد هەرچەندە گواستنەوەی خەڵكی بە ڕێگەی سەربازی كۆتایی هات، بەڵام كاری دیپـلۆماسی بەردەوام دەبێت بۆ گواستنەوەی هاوڵاتی ئەمریكی یان ئەفغانی لەوانەی دەیانەوێت ئەفغانستان جێبهێڵن.

ژەنەڕاڵ مەككەنزی وتیشی: لەوەتەی (14) ی مانگی هەشتەوەو هەتا شەوی رابردوو واتە لە ماوەی (18) ڕۆژەدا زیاتر لە (123) هەزار كەسی سیڤیل لە فڕۆكەخانەی كابۆل گواستراونەتەوە.

جێگەی ئاماژەیە لە ساڵی (2001) و لە پاش هێرشەكانی (11) ی سێپتەمەر بۆ سەر ئەمریكاو ئاشكرابوونی ڕۆڵی ڕێكخراوی قاعیدە لە هێرشەكاندا، واشنتۆن داوای لە تاڵیبان كرد (ئوسامە بن لادن) ڕێبەری ئەو كاتەی قاعیدە ڕادەستبكات هەتا لەسەر ئەو تاوانە دادگایی بكات، بەڵام تاڵیبان ئامادە نەبوو، بۆیە ئەمریكا بڕیاری شەڕی لە دژی تاڵیبان ڕاگەیاند.

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە