پەیامی کورد... کۆڵبەرێک لە سنوور بانە کوژرا
ڕەسووڵ گاگەشی، کۆڵبەر و خەڵکی سەردەشت کە باوی پێنج منداڵە، لە سنووری بانە لەلایەن هێزە چەکدارەکانی حکوومەتەوە بە ئەنقەست دوای بەدواکەوتن و ڕاونانی بە ئۆتۆمبێل کرایە ژێرەوە و گیانی لە دەستدا.
بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، شەوی شەممە ١٤ی گەلاوێژی ٢٧٢٣ (١٥ی ئاگۆستی ٢٠٢٣)، ڕەسووڵ گاگەشی، خەڵکی گوندی "کانی زەرد" سەر بە شاری سەردەشت، لەلایەن هێزە چەکدارەکانی ئێرانەوە بە ئەنقەست و بە ئۆتۆمبێل لە سنووری شێڵمان کرایە ژێرەوە و لەکاتی گواستنەوەی بۆ ناوەندە دەرمانییەکان گیانی لەدەستدا.
بەوتەی چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار، ڕەسووڵ گاگەشی، کۆڵبەری کوژراو، تەمەنی ٥٠ ساڵ و باوکی پێنج منداڵ بووە.
تەرمی ڕەسووڵ گاگەشی هەتا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە لە نەخۆشخانەی سەلاحەدین ئەیووبی بانە ڕاگیراوە و ڕادەستی بنەماڵەکەی نەکراوەتەوە.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە