پەیامی کورد … دەزگای لوتكە: لە نوقمبوونی سێ بەلەمەکەی ئیجە 32 هاوڵاتی كورد بوونەتە قوربانی
دەزگای لووتکە بۆ کاروباری ئاوارە و پەنابەران ڕایدەگەیەنێت،" لە نقوومبوونی سێ بەلەمەکەی دەریای ئیجە لە چەند رۆژی رابردوودا ، تاوەکو ئێستا 23 هاوڵاتی هەرێمی کوردستان بێسەروشوێنن و 9 کەسیش تەرمەکانیان دۆزراوەتەوە".
ئاری جەلال، سەرۆکی دەزگای لووتکە بۆ کاروباری ئاوارە و پەنابەران لە ڕاگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە،" بەداخەوە لە چەند رووداوێکی جیاوازی کارەساتبار و ژێرئاوکەوتنی یەختی کۆچبەران لە نزیک کەناراوەکانی یۆنان، ژمارەیەکی بەرچاو لە کۆچبەرانی کورد بوونەتە قوربانی و ژمارەیەکی دیکەشیان تاوەکو ئێستا بیسەروشوێنن."
ئەوەشی خستووەتەڕوو،" لە رووداوی 21-12-2021ی دەریای ئیجە نزیک دوورگەی سانتۆرینی یۆنان 23 کۆچبەر کە هاووڵاتی هەرێمی کوردستانن بیسەروشوێنن و 7 کۆچبەریش رزگاربووی رووداوەکەن کە 4 کەسیان لە بنکەی پۆلیس ماونەتەوە 1 منداڵیش لەژێر سەرپەرشتیاری خێزانیکی یۆنانیدایە 2 کەسیش ئازادکراون."
دەشلێت،"لە رووداوی نقوومبوونی بەلەمەکەی رۆژی 23-12-2021ی دەریای ئیجە 9 کۆچبەر کە هاووڵاتی هەرێمی کوردستانن، تەرمەکانیان دۆزراوەتەوە و گواستراونەتەوە بۆ ئەسینا و 57 کۆچبەریش رزگاربووی رووداوەکەن کە ئێستا لە کەمپی (ئەمێک دەلێدەن) لە ئەسینای پایتەختی ئەو وڵاتە."
هەروەها لە رووداوی 24-12-2021ی دەریای ئیجە نزیک دوورگەی پارۆسی یۆنان 16 تەرم دۆزراوەتەوە. سەرۆکی دەزگای لووتکە بۆ کاروباری ئاوارە و پەنابەران رایدەگەیێنێت کە "هیچ کەسیان هاووڵاتی هەرێمی کوردستان و عێراق نین."
بە وتەی ئاری جەلال،"ئەو 57 کۆچبەرەیشی کە رزگاریان بووە لە کەمپێکی ئەسینان و لیژنەیەک لە باڵیۆزخانەی عێراق سەردانی ئەو 57 کۆچبەرە دەکەن کە لە کەمپی (ئەمێک دەلێدەن)ـن."
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە