بەپەلە ... ئێران هۆشداری دەداتە هەرێمی کوردستان و عێراق بە گشتی

بەپەلە  ...  ئێران هۆشداری دەداتە هەرێمی کوردستان و عێراق بە گشتی

پەیامی کورد  ...  بە هۆی بارانبارینی بەخوڕ، لە ئێران و هەرێمی كوردستان و عێراق مەترسیی لافاو و سەرڕێژكردنی بەنداوەكان هەیە، بەڕێوەبەری گشتی بەنداوەكانیش لە هەرێمی كوردستان دەڵێت، بە نووسراوی فەرمی هاووڵاتیانی قەزا و ناحیەكانی نزیك زێی بچووك ئاگادار دەكەنەوە، كە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا ئێران ئاوی بەنداوەكانی بەردەداتەوە، ئەمەش مەترسی بۆ سەر زێی بچووك و بەنداوی دوكان دەبێت.

بەڕێوەبەری گشتیی بەنداو و كۆگاكانی ئاوكۆكردنەوە لە هەرێمی كوردستان، ئەكرەم ئەحمەد، ڕایگەیاند: "ئێران ئاگاداری سەرتاسەری عێڕاقی كردووەتەوە، كە دەیەوێت بەنداوەكانی بەتاڵ بكاتەوەو كۆگای ئاو درووست بكات، بۆیە بەڕێوەبەرایەتیی بەنداوەكان و كۆگاكانی ئاویش بەڕێوەبەری بەنداوی دوكان و دەربەندیخانی ئاگادار كردەوە كە ڕێنمایی دروست بدرێت بەو ناحیە و قەزایانەی دەكەونە سەر زێی بچووك و ئاگادار بكرێنەوە لە هەر ئەگەرێكی نەخوازراو و لە نزیك ڕووبار و زێ دوور بكەونە و بەجێی بێڵن تا زیانی گیانی ڕوو نەدات."

بەڕێوەبەری بەنداوەكان گوتیشی: "ئەم چەند ڕۆژەی داهاتوو ئاوێكی زۆر بەڕێگاوەیە، بەنداوی دوكان نزیكەی مەتر و نیوێكی ماوە ئاوەكەی سەرڕێژ بكات، بەڵام ئاگادارییەكەی ئێران بۆ كوردستان و عێراق ئەوە دەڵێت كە ئاگادار بین، بە نووسراوی فەرمی ئاگاداری بەڕێوەبەری بەنداوی دووكانمان كردووەتەوە كە شاری سلێمانی و ناحیەی تەقتەق و ئاشتی و سێگرتكان ئاگادار بكەنەوە، چونكە ئاو سەیتەرەی لەسەر ناكرێت و بەری پێ ناگیرێت، بۆیە دەبێت زۆر وریا بن و نزیكی محەرەماتی ڕووبار و زێ نەكەونەوە."

هاوكات بەڕێوەبەری ناحیەی سێگرتكان، فاتح حوسێن ڕایگەیاند: "بە نووسراوێكی فەرمی لە بەنداوی دوكانەوە ئاگاداری هاووڵاتیانی سنووری زێی بچووك لە ناحیەكانی ئاشتی، تەقتەق و سێگرتكان دەكەنەوە، كە بە نداوەكە بە چەند ڕۆژێكی تر پڕ دەبێت و ئاو لە دەریاچەكەوە بێ كۆنترۆڵ دەردەچێت، ئەو كەسانەی ماڵ یان باخچە  یا هەر موڵك و بەرژەوەندییەكیان دەكەوێتە بەر مەترسیی ژێرئاوكەوتن، با مشووری خۆیان لە ئێستاوە بخۆن."

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە