پەیامی کورد... کۆڵبەرێکی کورد لە سنووری بانە کوژرا
کۆڵبەرێکی لاوی خەڵکی شاری سەڵماس بە ناوی شۆڕش خەرگووشی، لە کاتی کۆڵبەری و لە سنووری شاری بانە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران، گیانی لەدەست دا.
بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ بەرەبەیانیی ڕۆژی سێشەممە، (٩ی جەنیوەری ٢٠٢٤)، کۆڵبەرێکی لاوی تەمەن ٣٣ ساڵ و خەڵکی گوندی "زاویەجیک"ی سەر بە سەڵماس بە ناوی شۆڕش خەرگووشی، لە کاتی کۆڵبەری و لە سنووری هەنگەژاڵی شاری بانە، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران کوژراوە.
ئەو کۆڵبەرە لاوە بە دوو گوللە سینگی پێکراوە و دەستبەجێ گیانی لەدەست داوە.
شایانی باسە کە شۆڕش خەرگووشی خێزاندار و باوکی منداڵێک و هەروەها تاکوو کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، تەرمەکەی ڕادەستی بنەماڵەکەی نەکراوەتەوە.
بەپشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی هەنگاو؛ لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٣دا کوشتنی کۆڵبەران بەراورد لەگەڵ ساڵانی ڕابردوودا بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە. لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٣دا ٤١ کۆڵبەر و کاسبکار کوژراون و لانی کەم ٢٩٢ کۆڵبەری دیکەش بریندار بوون.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە