دەستبەسەرکرانی دەیان هاووڵاتی لە ڕێوڕەسمی نەورۆزی ئامەد

دەستبەسەرکرانی دەیان هاووڵاتی لە ڕێوڕەسمی نەورۆزی ئامەد

پەیامی کورد... دەستبەسەرکرانی دەیان هاووڵاتی لە ڕێوڕەسمی نەورۆزی ئامەد


لە ئاهەنگی نەورۆزی ئەمساڵدا لە شاری ئامەدی باکووری کوردستان، لانیکەم 160 هاونیشتمانی دەستبەسەرکران کە بەشێکیان مێرمنداڵن.

رۆژی سێشەممە 21ـی ئاداری 2023، لە پارکی گەورەی نەورۆز لە ناوچەی رەزان لە شاری ئامەد بە بەشداری دەیان هەزار هاونیشتمانی ئاهەنگی نەورۆز گێڕدرا.

دوای ئاهەنگەکە، رێپێوانێکی جەماوەری بەڕێوەچوو و لەوێ لانیکەم 160 هاونیشتمانی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کران کە بەشێکیان مێرمنداڵن.

ئەو هاونیشتمانییانەی دەستبەسەرکران گوێزرانەوە بۆ ئەکادیمیای پۆلیس کە لەسەر رێگەی شارۆچكەی فارقین هەڵکەوتووە.

ساڵانە لە ئاهەنگەکانی نەورۆز لە باکووری کوردستان و تورکیا، سەدان کەس دەستبەسەردەکرێن. هۆکاری سەرەکیی دەستبەسەرکردن و رێگرییەکان، گوتنی گۆرانیی کوردی، هەڵکردنی ئاڵای کوردستان، هەڵکرتنی رەنگی سەوز و سوور و زەرد و گوتنەوەی درووشمی پاڵپشتیە لە عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە.

رۆژی دووشەممە 20ـی ئاداریش لە ئاهەنگی نەورۆزی ئیستەنبووڵی تورکیا و ئێلیهـ، مێردین و وان لە باکووری کوردستان لانیکەم 320 کەس دەستبەسەرکران. رۆژی دواتر زۆربەیان ئازادکران.
 

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە