بە دەستبەسەرکرانی سێ هاووڵاتیی دیکەی کورد لە گوندی "قۆزلووی هەوشار" سەر بە سایین قەڵا، بە ناوەکانی عەلی شیری، سالار بەیگی و ناسر مورادی ژمارەی هاووڵاتییانی دەستبەسەرکراو لەم شارەدا کە لە پەیوەندی لەگەڵ ڕێوڕەسمەکانی نەورۆز لە کوردستاندا دەستبەسەر کرابوون، گەیشتە ٧ کەس.
بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوەی مافی مرۆڤی هەنگاو، کاتژمێر ٦ی بەیانی ڕۆژی پێنجشەممە (٩ی مەی ٢٠٢٤)، لە گوندی "قۆزلووی هەوشار" سەر بە شاری سایین قەڵا، سێ هاووڵاتی بە ناوەکانی عەلی شیری، سالار بەیگی و ناسر مورادی لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کران.
بە وتەی سەرچاوە ئاگادارکان، نزیک ١٠ ئۆتۆمبێل لە هێزە چەکدارەکان کە زیاتر لە ٥٠ کەس بوون، کاتژمێر ٦ی بەیانی گوندی قۆزلووی هەوشاریان گەمارۆ داوە و بە درووشم دانی "نەمان بۆ ئەمریکا و نەمان بۆ ئیسرائیل" هێرشیان کردە سەر ماڵی خەڵک و ئەم سێ هاووڵاتییەیان بە بەکارهێنانی توندوتیژی و درانە بەر لێدان و کوتان دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگواستران.
هەنگاو ڕۆژی ڕابردوو هەواڵی دەستبەسەرکرانی چوار هاووڵاتی دیکەی خەڵکی گوندی "حاجیئاوای جەغەتوو" سایین قەڵا بە ناوەکانی عۆسمان عەباسی، هێمن عەلیزادە، شارام سوڵتانی، ڕەحمان خەسرەوی لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە، ڕاگەیاندبوو.
بە وتەی سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی ئەم هاووڵاتییانە، دوای دەستبەسەرکرانیان بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئورمیە گواستراونەتەوە و زانیارییەکی ورد لەسەر چارەنووسیان لە بەردەستدا نییە.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە