هۆکاری کەمبوونی ڕێژەی تووشبوانی کۆرۆنا لە دهۆک بۆ چی دەگەڕێتەوە

بەرواری بڵاوکردنەوە :
هۆکاری کەمبوونی ڕێژەی تووشبوانی کۆرۆنا لە دهۆک بۆ چی دەگەڕێتەوە

پەیامی کورد     ...    هۆکاری کەمبوونی ڕێژەی تووشبوانی کۆرۆنا لە دهۆک بۆ چی دەگەڕێتەوە

سەرەڕای ئەوەی ڤیرووسی كۆرۆنا (COVID-19) لە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان لە پەرەسەندندایە، بەڵام لە دهۆك توانراوە رەوشەكە كۆنترۆڵ بكرێت.
لەوبارەیەوە نزار عیسمەت بەڕێوبەری گشتی تەندرووستی پارێزگای دهۆك لەلێدوانێكدا بۆ ئاژانسی ئەنادۆڵ رایگەیاند، راستە بەراورد بە پارێزگاكانی دیكەی هەرێمی كوردستان و عیراق حاڵەتەكانی ڤیرووسی كۆرۆنای نوێ لە دهۆك كەمن، بەڵام ئەمە نیشانەی ئەوە نییە مەترسی ڤیرووسەكە كۆتاییهاتوە و ئەم رەوشە بەردەوام دەبێت، بەڵكو ئەم ڤیرووسە بەردەوام لە بڵاوبوونەوەدایە و بەپێی ئەو پێوەرانەی پلانی خۆیان لەسەری دایدەنێن، دەبینن لە مانگی رابردوودا، رێژەیەكی زۆر لە حاڵەتەكانی ڤیرووسی كۆرۆنا نوێ لە دهۆك توماركراون.
دەشڵێت "راستە زۆربەی حاڵەتەكانی ڤیرووسی كۆرۆنا لە دهۆك سەرچاوەكەیان لە دەرەوە هاتوە، بەڵام لە ماوەی رابردودا، زۆر حاڵەت لە ناوخۆی دهۆك-یش تۆماركراون و ئەوەش مانای ئەوەیە رەوشی بڵاوبوونەوەی ڤیرووسەكە باش نییە و زەنگێكی مەترسیدار هەیە، ئەگەر خەڵكی ئێمە پابەندی رێنماییەكانی خوپارێزی نەبن، رەوشی پارێزگای دهۆك لە پارێزگاكانی تر باشتر نابێت".
نزار عیسمەت لەبارەی ئەوەی چۆن پارێزگای دهۆك توانیویەتی بەراورد بە پارێزگاكانی دیكەی هەرێم ڤیرووسی كۆرۆنا بە شێوەیەكی باشتر كونترۆڵ بكات، ووتوویەتی "پابەندبوونی خەڵكی دهۆك بە رێنماییەكان و زوو دەستنیشانكردنی حاڵەتەكان و دوورخستنەوەیان لە كۆمەڵگا، خاڵی سەرەكین بۆ چوارچێوەكردنی ڤیرووسەكە و خاڵی سێیەمیش دروست چارەسەركردنی نەخۆشەكانە پێش ئەوەی بگەڕێنەوە نێو كۆمەڵگا، ئەم كارەش ناكرێت ئەگەر هەماهەنگییەكی باش نەكرێت لەنێوان تیمەكانی تەندرووستی و ژووری ئوپراسیونی بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا و خەڵك".
هەروەها بەڕێوبەری گشتی تەندرووستی پارێزگای دهۆك سەبارەت بە قەدەغەكردنی هاتووچۆ دەڵێت "قەدەغەكردنی هاتووچۆ بۆ ئەوەیە خەڵك تێكەڵی یەكتر نەبن و قەرەباڵغی درووست نەبێت، ئەگەر خەڵك پێگیربن بە رێنماییەكانی خوپارێزی و ئەو نەخۆشانەی دەردەچن لەژێر كۆنترۆڵی ئێمەدابن، ئەوا ١٠٠% پێویستییمان بە قەدەغەكردنی هاتووچۆ نابێت، بەڵام ئەگەر پێگیری بە رێنماییەكان نەكرێت و حاڵەتەكان هەر لە زیادبووندابن ئێمە ئەوە پشتڕاست دەكەینەوە كە دەبێت خەڵك لە ماڵەكانیاندا بمێننەوە و قەدەغەكردنی هاتوچۆ لە پارێزگای دهۆك-یش رابگەیەندرێت".
نزار عیسمەت سەبارەت بە دەركەوتنی حاڵەتێكی ڤیرووسی كۆرۆنای نوێ لە یەكێك لە كەمپەكانی ئاوارەكان لە سنووری پارێزگای دهۆك ووتی "یەكێك لە پزیشكەكان تووشی ڤیرووسی كۆرۆنا بوە، كە پێش تووشبوونی بە هەفتەیەك سەردانی كەمپێكی ئاوارەكانی كردبوو بۆئەوەی دڵنیابین ڤایرۆسەكە بڵاونەبوەتەوە لەنێو ئەو كەمپەدا رێوشوێنی تەندرووستییمان گرتوەتەبەر و هەموو ستافی تەندرووستی ، كە ئەو پزیشكەیان بینیوە و ئەو نەخۆشانەی سەردانی ئەو پزیشكەیان كردووە و هەموو ئەو كەسانەی كۆنتاكتیان لەگەڵ پزیشكەكەدا هەبووە، كەرەنتین كراون و پشكنینیان بۆ كراوە و ئێستا ئێمە هەندێك پشكنینی هەڕەمەكیش لەنێو كەمپەكەدا ئەنجام دەدەین، ئەنجامی هەندێك پشكنین دەرچووە كە هەمووان نێگەتێف بوون و ئێمە چاوەڕوانی ئەنجامی پشكنینەكانی ترین ئەگەر هەموویان نێگەتێف دەرچوون رەوشی كەمپەكە دووبارە ئاسایی دەبێتەوە".
تائێستا ١٧٢ حاڵەتی ڤیرووسی كۆرۆنای نوێ لە سنووری پارێزگای دهۆك توماركراون، كە ١٣٩ لە حاڵەتەكان بەتەواوی چارەسەركراون و ئێستا، ٣٣ هەڵگری ڤیرووسەكە لە نەخۆشخانەكاندا ماون.

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە