پەیامی کورد... لە بەسرە کاروانێکی هاوپەیمانان کرایە ئامانج
بۆمبێکی چێنراو بە کاروانێکی گواستنەوەی کەلوپەلی لۆجستی سەر بە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش لە پارێزگای بەسرەی باشووری عێراق تەقییەوە.
ئەفسەرێک لە پۆلیسی بەسرە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت بە ئاژانسی ئەنادۆڵی ڕایگەیاند: بۆمبێکی چێنراو کە لەلایەن کەسانی نەناسراوەوە لەسەر ڕێگای خێرای بەسرە باشووری عێراق چێنرابوو، بە کاروانێکی گواستنەوەی کەلوپەلی لۆجستی سەر بە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعشدا، تەقیوەتەوە.
ئەفسەرەکە ئاماژەی بەوەش دا، تەقینەوەکە زیانی بە ئۆتۆمبێلێکی کاروانەکە گەیاندووە، بەڵام زیانی گیانی لێ نەکەوتووەتەوە.
ماوەی چەند مانگێکە، ئەنجامدانی هێرش بۆسەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش لە عێراق زیادی کردووە.
ئەوەش دوای ئەوە دێت، پێشتر گرووپە چەکدارەکانی عێراق نزیک لە ئێران هەڕەشەی ئەوەیان کردبوو کە هێزە بیانییەکان لە عێراق دەکەنە ئامانج و ڕایانگەیاندبوو کە گومانیان لە ڕاگەیاندنی کشانەوەی هێزە بیانییەکان لە عێراق هەیە.
لە 9ی کانوونی یەکەمی ساڵی ڕابردوو، حکومەتی عێراق ڕایگەیاندبوو، ڕۆڵی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژ بە داعش لە عێراق کە شەڕکردن بوو، کۆتایی هاتووە و گۆڕاوە بۆ ڕاوێژکاری.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە