بانگ کردن و دەستبەسەر کرانی چەندین هاووڵاتیی کورد لە پارێزگای کرماشان

بانگ کردن و دەستبەسەر کرانی چەندین هاووڵاتیی کورد لە پارێزگای کرماشان

پەیامی کورد ... بانگ کردن و دەستبەسەر کرانی چەندین هاووڵاتیی کورد لە پارێزگای کرماشان 

 

دوای تێکهەڵچوونی حەوتووی ڕابردووی هێزە ئینتزامییەکان لەگەڵ خەڵکی زەردۆیی سەر بە شارۆچکەی باینگانی شاری پاوە لە پارێزگای کرماشان ، لانیکەم دە کەسی خەڵکی ئەو گوندە بانگی ئیتلاعاتی سپای پاوە کراون و ژمارەیەکیان دەستبەسەر کراون.

 

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی سێشەممە ١٠ی تەشرینی دووەمی ٢٠٢٠، لانیکەم ١٠ هاووڵاتیی خەڵکی گوندی زەردۆیی لەلایەن ئیتلاعاتی پاوە بانگ کەراون و پێنج کەسیان بە ناوەکانی بیلال بابایی (دێهیاری گوند)، بێهنام وەیسی، یاسر حەیدەری، ئەحمەد بیابانی و سمکۆ حەیدەری دەستبەسەر کراون.

 

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، سمکۆ حەیدەری ئێوارەی هەمان ڕۆژ بە بارمتە ئازاد کراوە، بەڵام ٤ کەسی دیکە بۆ شوێنێکی نادیار گوازراونەتەوە.

 

یەکێک لە دانیشتوانی گوندی زەردۆیی کە بە هۆکاری ئەمنی نەیویست ناوی ئاشکرا بێت لەوبارەوە بە هەواڵنێری هەنگاوی ڕاگەیاند کە، پێنج کەسی دیکە بە ناوەکانی قادر عەزیزی، هەڵالە عەزیزی، دونیا حەزیزی، کوفیە حەیدەری و زارا حەیدەری بانگ کراون کە دواتر بە بارمتە و بە شێوەی کاتی هەتا ڕۆژی شەممە ٢٤ی خەزەڵوەر ئازاد کراون.

 

ئەو ١٠ هاووڵاتییە دوای تێکهەڵچوونی ڕۆژی پێنج شەممەی حەوتووی ڕابردوو ١٥ی خەزەڵوەر (٥ی نۆڤەمبر) هێزە ئینتزامییەکان و خەڵکی ئەو گوندە بانگ و لێپرسینەوەیان لەگەڵ کراوە.

 

ڕۆژی پێنج شەممەی حەوتووی ڕابردوو هێزە ئینتزامییەکان ویستیان لە گوندی زەردۆیی دەست بەسەر مەڕ و ماڵاتی چەند کاسبکارێکی کورد بگرن کە کاردانەوەی خەڵکی لێکەوتەوە و ئیزنیان ندا  دەست بە سەر مەڕ و ماڵاتی ئەو کابکارانەدا بگرن.

 

هەنگاو پێشتر گرتەیەکی ڤیدیۆیی بڵاو کردبووە کە هێزە ئینتزامییەکان بە مەبەستی نانەوەی ترس و دڵەڕاوکێ و بڵاوەپێکردنی خەڵک تەقەی هەوایی دەکەن.

 

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە