پەیامی کورد... سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان سەرکۆنەی هێرشەکانی سەر سعوودیە دەکات
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان سەرکۆنەی هێرشکردنە بەردەوامەکانی سەر ناوچە جیاوازەکانی سعوودیە دەکات و دەڵێت، "هاوسۆزیی تەواومان لەگەڵ سەرکردایەتی و گەلی سعوودیە ڕادەگەیێنین".
ڕۆژی شەممە 26-03-2022 سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لەبارەی هێرشەکەی سەر وێستگەکانی ئارامکۆ لە شاری جدەی سعوودیە بڵاویکردەوە: "سەرکۆنەی ئەو هێرشانە دەکەین کە ڕۆژی هەینی خاک و دامەزراوە گرنگەکانیان لە سعوودیە کردە ئامانج."
ڕۆژی هەینی 25-3-2022 یەحیا سەریع، گوتەبێژی سەربازیی حووسییەکان ڕایگەیاند، هێزە چەکدارەکانیان هێرشیان کردووەتە سەر وێستگەکانی ئارامکۆ لە شاری جدەی ڕۆژئاوای سعوودیە کە هاوسنوورە لەگەڵ شاری مەککە و چەند وێستگەیەکی دیکە لە ڕیازی پایتەختی سعوودیە؛ گوتیشی کە چەند شوێنێکی دیکەش لە نێو خاکی سعودیەدا هێرشیانکراوەتە سەر.
گوتەبێژی حووسییەکان گوتیشی، هێرشەکان لە ڕێگەی مووشەکی بالیستی و درۆنەوە ئەنجامدراون.
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیێندراوەکەدا باسی لەوە کردووە کە "هاوسۆزیی تەواومان لەگەڵ سەرکردایەتی و گەلی سعوودیە ڕادەگەیێنین لە بەرامبەر ئەو دوژمنکارییانە کە زۆر جار دووبارە دەبنەوە و هەڕەشە لە سەقامگیری و ئاسایشی ناوچەکە دەکەن."
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە