پەیامی کورد... لە 50 ڕۆژدا 31 کۆڵبەر لە سنووری بانە بوونەتە قوربانی
لەرۆژانی ڕابردوودا، دوو کۆڵبەری دیکە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بریندار بوون و ژمارەی کوژراو و برینداربووان گەیشتووەتە 31 کۆڵبەر.
ئەمڕۆ دووشەممە 13ی 11ی 2023، ڕێکخراوی (هەنگاو) بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاوی کردووەتەوە، دوو گەنجی کۆڵبەری خەڵکی شاری سەقز و مەریوان بە ناوەکانی (یوونس قادری و نەریمان ساعدی)، لە کاتی کۆڵبەری و لە سنوورەکانی شاری بانە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنییەکانی ئێران بریندار بوون.
ئەوشە خراوەتە ڕوو، هێزە ئەمنییەکانی ئێران لە سنووری هەنگەژاڵی بانە، تەقەیان لە کۆمەڵێک کۆڵبەر کردووە و بەم هۆیەوە کۆڵبەرێک بە ناوی یوونس قادری، تەمەن 19 ساڵ و خەڵکی شاری سەقز قاچی پێکراوە و بە سەختی بریندار بووە.
لە هەمان سنووری شاری بانە، کۆڵبەرێکی لاوی خەڵکی گوندی (دویسە)ی سەر بە شاری مەریوان، بە ناوی نەریمان ساعدی، لە کاتی کۆڵبەریدا بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنییەكانی ئێران باسک و قۆڵ و کەمەری پێکراوە و بە سەختی بریندار بووە، دواتر بە مەبەستی تیمارکردن و چارەسەری پزیشکی، گواستراوەتەوە نەخۆشخانە.
ئەو رێکخراوەی مافی مرۆڤ لە ئامارێکدا بڵاوی کردووەتەوە، کە لەسەرەتای وەرزی پاییزەوە و لە ماوەی 50 ڕۆژدا، لانی کەم 3 کۆڵبەر لە سنوورەکانی شاری بانە، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران کوژراون و 28 کۆڵبەریش بریندار بوون.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە