چالاکێکی کورد لە سنە سزای بەندکرانی بە سەردا سەپا

چالاکێکی کورد لە سنە سزای بەندکرانی بە سەردا سەپا

پەیامی کورد... چالاکێکی کورد لە سنە سزای بەندکرانی بە سەردا سەپا

خالید سەیف پەناهی چالاکی مەدەنی خەڵکی سنە لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا لەلایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی سنە بە سەرۆکایەتی دادوەر حوسێن سەعیدی بە هۆی بڵاوکردنەوەی وێنەی براکەی بە ناوی حامید سەیف پەناهی سزای دوو ساڵ بەندکرانی هەڵپەسێردراوی بە سەردا سەپاوە.

بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو: " دانیشتنی پێڕاگەیشتن بە تۆمەتەکانی خالید سەیف پەناهی لە دادگا ڕۆژی چوارشەممە ٢٨ی بانەمەڕ بەڕێوە چووە و ئەم سزایە لەم ڕۆژانەی دواییدا بەفەرمی پێی ڕاگەیەندراوە ".

خالید سەیف پەناهی برای حامید سەیف پەناهییە کە ڕۆژی هەینی ٢ی پووشپەڕی ٢٧١٧ (٢٣ی جوونی ٢٠١٧) لە تێهەڵچوونێکی چەکدارانە کە لە شاری سنە هاتە ئاراوە گیانی لە دەست دا. هەر لەو تێهەڵچوونەدا ڕامین حوسێن پەناهی پێشمەرگەی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران بە دیل گیرا کە دواتر سزای سێدارەی بە سەردا سەپا و ئەو سزایە لە بەندیخانەی ڕەجایی شاری کەرەج جێبەجێ کرا.

جێگای ئاماژەیە کە خالید سەیف پەناهی مانگی ڕابردووش لەلایەن هەمان لقی دادگا بە بێ بەشداری و بوونی خۆی بە تۆمەتی «هاوکاری لەگەڵ حیزبی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران» سزای ٩١ ڕۆژ بەندکرانی بە سەردا سەپابوو.

خالید سەیف پەناهی نەورۆزی ئەمساڵ هاوکات لەگەڵ دایکی بە ناوی خەدیجە حوسێن پەناهی زیاتر لە یەک هەفتە لە ماڵی خۆیاندا بەند کرابوون و ناوەندە ئەمنییەکان پێیانیان ڕاگەیاندبوو کە مافی بەشداری کردن لە ڕێوڕەسمەکانی تایبەت بە نەورۆزیان نییە.

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە