چالاکێکی سیاسی کورد سزای بەندکرانی بە سەردا سەپا

چالاکێکی سیاسی کورد سزای بەندکرانی بە سەردا سەپا

پەیامی کورد... چالاکێکی سیاسی کورد سزای بەندکرانی بە سەردا سەپا

ئەحمەدڕەزا حائێری بەندکراوی سیاسی پێشوو و یەکێک لە چالاکانی سیاسی خەڵکی ئیلام و دانیشتووی تاران، لە ڕۆژانی ڕابردوودا لەلایەن لقی ٢٥ی دادگای شۆڕشی تاران سزای ٤ ساڵ و ٤ مانگ بەندکرانی بە سەردا سەپاوە.

بەگوێرەی ئەو سزایە ئەحمەدڕەزا حائێری بە تۆمەتی کۆبوونەوە بە مەبەستی ئەنجامی تاوان دژ بە ئاسایشی نەتەوە سزای ٣ ساڵ و ٨ مانگ بەندکران و بە تۆمەتی چالاکیی پڕوپاگەندەیی دژی حکومەت سزای ٩ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپاوە کە بەپێی ماددەی ١٣٤ی یاسای سزا ئیسلامییەکان (کۆکردنەوەی سزاکان) سزای زیاتر واتە ٣ ساڵ و ٨ مانگی جێبەجێ دەکرێت.

هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپا کاتژمێر ٣: ٣٠ بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممە ٦ی پووشپەڕی ٢٧٢٢ (٢٧ی جوونی ٢٠٢٢) هەڵیانکوتایە سەر ماڵی ئەحمەد ڕەزا حائێری و بە بێ پیشاندانی هەر جۆرە بەڵگەیەکی دادوەری دەستبەسەریان کرد و دواتر بۆ بەندی دوو ئەلفی بەندیخانەی ئێڤینی تاران ناسراو بە بەندی ئیتلاعاتی سوپا گواستوویانەتەوە و دواجار ڕێکەوتی ١٣ی گەلاوێژ (٤ی ئاگۆست) و دوای ٣٨ ڕۆژ بەندکران بە دانانی بارمتەی یەک ملیاری بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.

ئەحمەد ڕەزا حائێری چالاکی سیاسی کورد پێشتریش دەستبەسەر و لەلایەن دەزگای دادی ئێرانەوە سزای ٦ مانگ بەندکران و لێدانی ٧٤ قامچی بەسەردا سەپابوو کە هاوینی ساڵی ڕابردوو ئەو سزایە جێبەجێ کرا.

 

 

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە