پەیامی کورد... لە سلێمانی سکچوون و ڕشانەوە گیانی ٨ کەسی ئەستاند
بەپێی زانیارییەکان، تاوەکوو ئێستا ٨ کەس لە پارێزگای سلێمانی بەهۆی سکچوون و ڕشانەوە کە گومان دەکرێت کۆلێرا بێت گیانیان لەدەستداوە، کە دوانیان منداڵن و ٦یان پێگەیشتوون، بەهۆی پەتاکەشەوە شاندێکی تەندروستی عێراق هاتوونەتە سلێمانی.
لەو بارەیەوە سەرچاوەیەک لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی بە میدیاکانی وت، تاوەکوو ئێستا بەهۆی پەتای سکچوون و ڕشانەوەوە ٨ کەس لە سلێمانی گیانیان لەدەستداوە.
بەپێی وتەی هەمان سەرچاوە، ئەو ٨ کەسەی گیانیان لەدەستداوە ٦ کەسیان پێگەیشتوون و دوویان منداڵن.
ماوەیەکە پەتای سکچوون و ڕشانەوە لە پارێزگای سلێمانی بڵاو بووەتەوە و نزیکەی ٤ هەزار کەس براونەتە نەخۆشخانەکان، تەندروستی سلێمانیش گومانی ئەوەی هەیە کە پەتاکە کۆلێرا بێت و پشکنینەکان نێرراونەتە بەغدا بۆ دڵنیابوونەوە و تاوەکوو ئێستا نەگەڕاونەتەوە، هەر لەو بارەیەوە شاندێکی وەزارەتی تەندروستی عێراق هاتوونەتە سلێمانی بۆ هەڵسەنگاندنی بارودۆخەکە و ڕێوشوێنە پەیڕەو کراوەکان.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە