بەهۆی زریانێکی توندەوە کە باشووری رۆژهەڵاتی بەڕازیل و بەتایبەت ناوچەی شاخاویی ویلایەتی ریۆدیجانیرۆی گرتووەتەوە، 11 کەس گیانیان لەدەستدا.
حکومەتی ویلایەتی ریۆدیجانیرۆ پشتڕاستیکردەوە کە بەهۆی رووخانی خانوویەک و باڵەخانەیەکی بچووک لە شاری پێترۆپۆلیس کە شارۆچکەیەکی گەشتیارییە و نزیکەی 70 کیلۆمەتر لە پایتەختی ویلایەتەکەوە دوورە، چوار کەس گیانیانلەدەستداوە.
ئاژانسی فرانس پرێس، بڵاویکردەوە، تیمەکان شایەتحاڵی رزگارکردنی کچێکی بچووک بوون کە ماوەی 16 کاتژمێر لەژێر داروپەردوودا مابووەوە هاوکات تەرمی باوکیشیان لە نزیک ئەو کچە دۆزییەوە.
زریانەکە دوای شەپۆلێکی گەرما دێت لە ناوچەکەدا، کە پلەی گەرمی ئەمڕۆ یەکشەممە 62.2پلەی سەدی لە ریۆدیجانیرۆ تۆمارکرا.
بەرازیل یەکێکە لەو وڵاتانەی بەدەست گۆڕانکارییەکانی کەشوهەواوە دەناڵێنێت و زۆرجاریش کارەساتی سرووشتی تیادا روودەدات.
لە ساڵی 2022دا زیاتر لە 230 کەس لەشاری پترۆپۆلیس بەهۆی بارانبارینی بەخوڕ گیانیان لەدەستداوە.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە