ژمارەیەکی زۆر چەکداری داعش بە خێزانەوە لە سنووری مەخموور جێگیر کراون

ژمارەیەکی زۆر چەکداری داعش بە خێزانەوە لە سنووری مەخموور جێگیر کراون

پەیامی کورد  ...  بەپێی زانیارییەکانی ئەمریکا ھێشتا مەترسی داعش لە عێراقدا ماوە و لە حەفتەی ڕابردوودا ژمارەیەک ھێرش بۆ سەر ھێزە عێراقییەکان ئەنجام درا. فەرماندەیەکی پێشمەرگەش ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، تۆنێل و ئەشکەوتەکانی چیای قەرەچووخ پڕە لە چەکدارانی داعش، کە بەشێکیان ژن و منداڵیان لەگەڵە.

ھەندێ سەرچاوەی ئەمریکی ئاماژە بە ھەبوونی ٤٠٠ چەکداری داعش لە نزیک قەزای مەخموور دەکەن، بەڵام وەک بەرپرسێکی پێشمەرگە گوتی، خەملاندنی ژمارەی چەکدارانی داعش کارێکی ئەستەمە، لەگەڵ ئەوەشدا لە عەلاوان و حەویجەوە داعش بەرەو مەخموور دێن، لەوبارەیەوە زریان شێخ وەسانی، فەرماندەی میحوەری مەخمووری ھێزی پێشمەرگە ئاشکرای کرد: "بە دەیان چەکداری داعش لە سنووری قەزای مەخموور ھەن و بەشێک لەو چەکدارانە خەڵکی ڕەسەنی ناوچەکە و عێراقن و ژمارەیەک چەکداری داعشی بیانیشیان تێدایە، بەڵام ئێمە زانیاریمان سەتاسەتمان نییە کە ژمارەیان چەندە، چوونکە ئەوان بە شێوەی مەفرەزە دەگەڕێن و لە گوندەکانی سنوورەکە خۆیان حەشار داوە."

چیای قەرەچووخ دەکەوێتە نزیک سەنتەری شارۆچکەی مەخموور و ئێستا ھێلی پەیوەندی نێوان پێشمەرگە و ھێزە عێراقییەکانە، بەڵام لە دیوی مەخموورەوە داعش کەڵکی لە بۆشایی ئەمنی وەرگرتووە و کردوویەتی بە ھێلانەی خۆی.

فەرماندەکەی پێشمەرگە  ڕایگەیاند: "لە ھەردوو لای ڕاست و چەپی چیای قەرەچووخ چەندین بنگەی چەکدارانی داعش هەیە و ژمارەیەک چەکداری داعش بە خێزانەوە لەو سنوورە نیشتەجێ بوون، واتە ژن و منداڵیان لەگەڵە و لە سنووری مەخموور جێگیر بوون، بەتایبەتی لەنێو تۆنێل و شوێنە سەختەکانی قەرەچۆغدا خۆیان حەشار داوە."

لەبارەی ئەنجامدانی ئۆپڕاسیۆن بۆ کێوماڵکردنی سنوورەکە، زریان شێخ وەسانی ڕوونی کردەوە: "ئەو سنوورەی داعشی تێدایە دەکەوێتە نێوان سەنگەرەکانی پێشمەرگە و ھێزە عێراقییەکانەوە، ھەر ئۆپەڕاسیۆنێک بەڕێوە بچێت پێویستی بە ھەماھەنگی لە نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراقدا ھەیە، بەڵام ئێستا جگە لەوەی ھێزێکی زۆری پێشمەرگە لە سەنگەرەکانی پێشەوە جێگیر کراوە، ھیچ ھەوڵێک بۆ ئەنجامدانی ئۆپەڕاسیۆنی ھاوبەش نییە."

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە