پەیامی کورد... تەندروستیی جیهانی: "لە هەفتەی ڕابردوودا نزیکەی حەوت هەزار و ٥٠٠ حاڵەتی نوێی تووشبوون بە ئاوڵەی مەیموون تۆمارکراوە"
ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی (WHO) ڕایگەیاند، بڵاوبوونەوەی پەتای ئاوڵەی مەیموون خێرا بووە و ژمارەی حاڵەتەکانی تووشبوونی هەفتانە لە سەر ئاستی جیهاندا سەددا ٢٠ زیادی کردووە.
لەمبارەیەوە بەڕێوەبەری گشتیی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی، تیدرۆس ئادهانۆم گیبریسیۆس لە میانی گۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییدا کە لە ناوەندی ڕێکخراوەکە لە جنێڤ ئەنجامیدا هەڵسەنگاندنی بۆ دوایین پێشهاتەکانی پەتای ئاوڵەی مەیموون ئەنجامدا.
ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد کە لە سەرەتای ساڵەوە بۆ ئێستا لە ٩٣ وڵات حاڵەتی تووشبوون بە ڤایرۆسی ئاوڵەی مەیموون دەستنیشان کراوە و لە ١٦ی ئابەوە کۆی گشتیی ژمارەی حاڵەتەکانی تووشبوون بە ٣٦ هەزار و ٤١٢ حاڵەت تۆمار کراوە و ١٢ کەسیش بەهۆی ڤایرۆسەکەوە گیانیان لەدەستداوە.
هەروەها سەرنجی بۆ ئەوە ڕاکێشا کە زۆرترین حاڵەت لە ماوەی هەفتەی ڕابردوودا تۆمارکراوە و جەختی لەوە کردەوە کە لە ماوەی حەوت ڕۆژی ڕابردوودا نزیکەی حەوت هەزار و ٥٠٠ حاڵەتی نوێ تۆمارکراوە و ژمارەی حاڵەتەکانی تووشبوونی هەفتانە سەددا ٢٠ زیادی کردووە.
ئەوەشی خستە ڕوو کە ئەگەری هەیە ڤاکسینەکانی دیکەی ئاوڵە کە لە بەردەستدایە کاریگەری لەبەرامبەر ئاوڵەی مەیموون هەبێت بەڵام ئامارەکانی سەبارەت بە دابینکردن و ڕێژەی کاریگەرییان زۆر سنووردارە.
لە لایەکی دیکەوە گیبریسیوس، ئاماژەی بەوە کرد کە مەترسیی ڤایرۆسی کۆرۆنا بەردەوامە و ڕایگەیاند لە ماوەی دوایین هەفتەدا نزیکەی ١٥ هەزار حاڵەتی گیانلەدەستدان بە کۆرۆنا تۆمارکراوە و ئەو ژمارەیە بە بەراوورد لەگەڵ هەفتەی پێشوودا سەددا ٣٥ زیادی کردووە.
باسی لەوەش کرد کە ئەو گیانلەدەستدانەی بە کۆرۆنا زیادی کردووە جێگەی قبووڵ نییە و گوتی: "ئێمە بەدەست ئەم پەتایەوە ماندوو بووین، بەڵام ڤایرۆسەکە پێمانەوە ماندوو نەبوو".
بەڕێوەبەری گشتیی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی (WHO)، تیدرۆس ئادهانۆم گیبریسیۆس زانیاریی ئەوەی بڵاو کردەوە کە زیادبوونی ژمارەی حاڵەتەکانی تووشبوون بە کۆرۆنا لە ماوەی هەفتەکانی ڕابردوودا بەهۆی جۆری ژێرەوەی BA.5 بووە و بۆ ئەوەی بتوانرێت باشتر بەدواداچوون بۆ ڤایرۆسەکە بکرێت داوای لە وڵاتەکان کرد کە "تواناکانیان لە پشکنین و ڕێکخستنەوەی جینات کەم نەکەنەوە".
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە