پەیامی کورد... پێنج بەندکراوی کورد لە ئێران لەسێدارە دران
لە بەندیخانەکانی ئێران، لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا، لانی کەم پێنج بەندکراوی کورد لەسێدارە دراون.
بەپێی ئەو هەواڵانەی لە میدیا مافە مرۆڤییەکانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان بڵاو بوونەتەوە، پێنج بەندکراو بە ناوەکانی (خالید ڕۆحی و سیرووس حەیدەری)، لە بەندیخانەی ناوەندیی شاری سنە، (کەمال ئیلهامی) لە بەندیخانەی شاری سەقز و (ساسان مەلەکی و مەهدی مورادی) لە بەندیخانەی ناوەندیی کەرەج، سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا جێبەجێ کراوە.
رێکخراوی (هەنگاو) بۆ مافەكانی مرۆڤ ڕایگەیاندووە، (خالید ڕۆحی و سیرووس حەیدەری)، کە تەمەنی 60 ساڵ بووە، پێشتر بە تۆمەتی "کوشتنی بەئەنقەست" سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپابوو.
سزای لەسێدارەدانی بەندکراوێکی خەڵکی سەقز بە ناوی (کەمال ئیلهامی) لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە جێبەجێ کرا، ئەو بەندکراوە پێشتر بە تۆمەتی دەستدرێژیی سێکسی سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرابوو، بە گوتەی سەرچاوە ئاگادارەکان، ئەو بەندکراوە چوار ساڵ پێشتر، دوای لێدان و کوتان و دەستدرێژیکردنە سەر سەربازێکی خەڵکی مەهاباد لە دەوروبەری شاری سەقزدا دەستگیر کرا و دواتر بە تۆمەتی "دەستدرێژیی سێکسی" سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا.
هەروەها (ساسان مەلەکی و مەهدی مورادی) پێشتر بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە هۆشبەرەکانەوە لەلایەن دەزگای دادوەریی ئێرانەوە سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووبوو، لە بەندیخانەی ناوەندی کەرەج سزاکەیان بەسەردا جێبەجێ کرا.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە