پەیامی کورد ... نیوەی کانگاکانی ئێران داخراون
ئەندامێکی ژووری بازرگانیی ئێران ڕایگەیاندووە کە نیوەی کانگاکانی ئێران بە هۆکارگەلی جیاوازەوە داخراون، هەروەها هیوایان بەستووە بە سەرمایەدانانی دەرەکی بۆ گەشەی کانگاکان.
"بەهرام شەکووری" سەرۆکی کۆمیسیۆنی کانگا و بەرهەمە کانزاییەکانی ژووری بازرگانیی ئێران، ڕێکەوتی ١٣ی تەشرینی دووەم وتوویەتی: "٥٠ لەسەدی کانگاکان بە هۆکاری جیاوازەوە داخراون، بەشێک بەهۆی ماڵیات و سیاسەتدانانی هەڵە، سەرچاوەی ماڵیی بەرتەسک و نەبوونی دەسمایە یان نەبوونی توانا بۆ کڕینی کەرەستە و ماشینی تایبەت و بەشێکیش دەگەڕێتەوە بۆ بازاڕی فرۆش کە ئەو کێشەگەلە بووەتە هۆکار تا ٥٠ لەسەدی کانگاکان دابخرێت".
ناوبراو هەروەها ڕایگەیاندووە کە ئەو مۆڵەتانەی کە بۆ دۆزینەوە و دەرهێنانی کانگاکان دراون بەنیسبەت پانتایی وڵاتەوە تەنیا ٥ لەسەدە و ئەگەر ئێمە بتوانین مۆڵەتی ٩٥ لەسەدەکەی دیکە وەرگرین یارمەتی دەدات کە تەنانەت چەند ئەوەندەی داهاتی نەوت داهاتی کانگاییمان هەبێت.
نزیکەی ٧ لەسەدی پاشەکەوتە کانگاییەکانی جیهان لە ئێراندایە. کانگاکانی ئێران خاوەنی ٦٨ جۆر مادەی نانەوتیی کانزایین کە لە ڕووی فراوانییەوە لەنێوان ١٥ وڵاتی یەکەمی جیهاندایە.
ئەمە لەحاڵێکدایە کە بەرهەمهێنانی کانگایی، تەنیا ٠.٦ لەسەد لە بەرهەمهێنانی ناپاقژی نێوخۆیی ئێران پێک دێنێت.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە