شارێكی باكوری كوردستان وەک شاری شارستانییەتەکان تۆمار دەکرێت

شارێكی باكوری كوردستان وەک شاری شارستانییەتەکان تۆمار دەکرێت

پەیامی کورد... شارێكی باكوری كوردستان وەک شاری شارستانییەتەکان تۆمار دەکرێت

شاری ئامەدی باکووری کوردستان کە میوانداریی 33 شارستانییەتی کردووە لە مێژوودا، لەلایەن فەرمانگەی پاتێنت و نیشانە بازرگانییەکانی تورکیاوە بە "شاری شارستانییەتەکان" تۆمار کرا.

بەگوێرەی راگەیێندراوی ژووری پیشەسازی و بازرگانیی ئامەد : داواکاری ژووری پیشەسازی و بازرگانیی ئامەد بۆ ئەوەی ئامەد وەک "شاری شارستانییەتەکان" تۆماربکرێت پەسندکراوە و لەلایەن فەرمانگەی پاتێنت و نیشانە بازرگانییەکانی تورکیاوە ئەو ناسناوەی پێدرا.

لەبارەی بڕیارەکەوە محەممەد کایا، سەرۆکی ژووری پیشەسازی و بازرگانیی ئامەد رایگەیاند، ئامەد کە شارێکی دێرینی شارستانییەتەکانە، چەندین سەدەیە بەها کولتووری و مێژووییەکانی 33 هۆزی لە ئامێز گرتووە و بە مێژووی 12 هەزار و 500 ساڵەی خۆی، شارێکی گرنگە.

ناوبراو وتویەتی: "بە لێکۆڵینەوەی زانستی سەلمێندراوە کە یەکەم ژیانی نیشتەجێبوون کە بە ناوی 'هیلالی بەپیت' هاتە ناو ئەدەبەوە، سەرەتا بە 'چایئۆنۆ' بە سنووری شارەکەماندا تێپەڕیوە. هەروەها گەنمی کێوی، نیسک و پاقلەمەنییەکان و ئاژەڵی ماڵی بۆ یەکەمینجار لە سنووری ئەم شارەدا هێنرایە ناو کولتوورەوە، بەو هۆیەوە ئامەد کە خاوەنی قووڵترین مێژووی جوگرافیای میزۆپۆتامیای سەرەوەیە، هەزاران ساڵە بەبێ پچڕان ژیان تێیدا بەردەوام بووە؛ پایتەختی ئایین و زمان و شوناس و کولتوورەکانە."

ئامەد بە دیوار، مزگەوت، قوتابخانە، کڵێسا، پرد و چەندین میراتی فەرهەنگی بەرجەستەی دیکە لە لیستی میراتی کولتووری یونسکۆدایە، ئێستاش وەک 'شاری شارستانییەتەکان' تۆمار کراوە.

هەروەها سەرۆکی ژووری پیشەسازی و بازرگانیی ئامەد بە بایەخەوە دەڕوانێتە ئەو بڕیارە و پێیوایە، ئەم تۆمارکردنە دەستکەوتێکی بەرچاو بۆ گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی، کولتووری، ئابووری و گەشتیاریی شارەکە دابین دەکات.

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە