سنە/ چالاکانی مەدەنی دژ بە کوشتنی ژنان کۆبوونەوە

سنە/ چالاکانی مەدەنی دژ بە کوشتنی ژنان کۆبوونەوە

پەیامی کورد … سنە/ چالاکانی مەدەنی دژ بە کوشتنی ژنان کۆبوونەوە

کۆمەڵێک لە چالاکانی مەدەنی و فەرهەنگیی سنە بەمەبەستی ئیدانەکردنی توندوتیژی بەرانبەر بە ژنان و کەمتەرخەمیی دامەزراوە پێوەندیدارەکانی حکوومەتی ئێران، لە بەرانبەر دادگای ئەو شارە گرد بوونەوە.

ئەو گردبوونەوە ناڕەزاییەی چالاکانی سنە لە کاتێکدا بەڕێوە چووە کە چەند ڕۆژ لەمەوبەر ژنێکی تەمەن 22 ساڵ لە یەکێک لە گوندەکانی سەر بە سنە لەلایەن باوکییەوە بەنزینی پێدا کرا و بەو هۆیەوە گیانی لەدەست دا.

بەپێی زانیاریی سەرچاوەکانی مافی مرۆڤ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئەو کچە کوردە فائێزە مەلەکی تەمەن 22 ساڵ و خەڵکی گوندی کۆرکۆرەی سەر بە سنە بووە کە لەبەر کێشەی کۆمەڵایەتیی بەدەستی باوکی سووتێندراوە.

چالاکانی مەدەنیی ژن لە سنە لەو گردبوونەوە ناڕەزاییەدا بە دانی دروشمی (نا بۆ ژنکوشتن، ئێمە هەموو فائێزەین، ئیتر بەسە) لە هەمبەر کەمتەرخەمی و بەدوادانەچوونی دامودەزگا ئەمنی و دادوەرییەکانی ئێران ناڕەزاییان دەربڕیوە.

ماڵپەڕی (هەنگاو) بۆ مافەکانی مرۆڤ لەبارەی دۆسیەی فائێزە مەلەکی-یەوە بڵاوی کردووەتەوە: "لە دۆسیەی فائێزەدا تاکوو ئێستا نە پۆلیس و نە دەزگای دادوەریی ئێران هیچ هەەولێکیان نەداوە".

هەواڵی سووتاندنی فائێزە بەدەستی باوکی (حەبیبوڵا) 11 ڕۆژ پێش لەلایەن د. ئیمان نەوابی-یەوە لە ئیسنتاگرام بڵاو کرایەوە و ئەو پزیشکە ئاشکرای کردبوو باوکی فائێزە پاش ئەوەی زانیوەیە کە کچەکەی خۆشەویستی هەیە بەزینی پێدا کردووە و 85٪ی جەستەی سووتاوە و دواتر لە نەخۆشخانەی کەوسەری سنە گیانی لەدەست دا.

دواتر لەژێر گوشاری دەزگا ئەمنییەکان ئەو پۆستەیان بە د. ئیمان نەوابی سڕییەوە.

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە