کەنەدا بەشی یەکەمی سزاکانی بەسەر ڕووسیادا سەپاند

کەنەدا بەشی یەکەمی سزاکانی بەسەر ڕووسیادا سەپاند

پەیامی کورد... کەنەدا بەشی یەکەمی سزاکانی بەسەر ڕووسیادا سەپاند

سەرۆک وەزیری کەنەدا ڕایگەیاند، وڵاتەکەی بەشی یەکەمی سزاکان بەسەر ڕووسیادا دەسەپێنێت، ئەمەش ڕۆژێک دوای ئەوەی مۆسکۆ بە فەرمی دوو هەرێمەکەی ڕۆژهەڵاتی ئۆکراینای وەکوو دوو هەرێمی سەربەخۆ ناساند.

جێی ئاماژەیە هەریەک لە ئەمریکا و یەکێتی ئەورووپا و ئەڵمانیا و بەریتانیا کۆمەڵێک سزای ئابوورییان سەپاندووە بەسەر ڕووسیا، ئەمەش لە کاتێکدا نیگەرانی ئەوەن ڕووسیا دوژمنکاری زیاتر دژی ئۆکراینا ئەنجام بدات، بەڵام مۆسکۆ چەند مانگێکە بەردەوام ڕەتی دەکاتەوە پلانی داگیرکردنی ئۆکراینای هەبێت.

(جەستن ترودۆ) وتی: حکومەتەکەی لەسەر سەرجەم کەنەدییەکانی قەدەغە دەکات مامەڵەی ئابووری لەگەڵ هەرێمەکانی دۆنێتسک و لوهانسکدا بکەن.

سەرۆک وەزیری کەنەدا وتیشی: سزا دەسەپێنێت بەسەر ئەو ئەندامانەی پەرلەمانی ڕووسیادا کە لە بەرژەوەندی ناساندنی دۆنێتسک و لوهانسک وەکوو دوو هەرێمی سەربەخۆ دەنگیانداوە.

ئاماژەشی بەوەدا کەنەدا سزای دیکە دەسەپێنێت بەسەر بانکەکانی دوو هەرێمەکەدا و مامەڵەکردنی بازرگانی لەگەڵیاندا قەدەغە دەکات، هاوکات ڕەوانەکردنی هێزی زیاتری بۆ ناوچەکە پەسەند کرد.

ترودۆ وتی: ڕەوانەکردنی (460) سەربازی هێزە چەکدارەکانی کەنەدا پەسەند دەکەم، ئەمەش ڕەوانەکردنی هێزی زیاتر بۆ لاتیڤیا دەگرێتەوە، هەروەها ڕەوانەکردنی کەشتی جەنگی و فڕۆکەش دەگرێتەوە.

یەکێتی ئەورووپا سەپاندنی کۆمەڵێک سزای بەسەر کەس و لایەنەکانی ڕووسیادا پەسەند کرد، هاوکات بەریتانیاش سزای بەسەر پێنج بانکی ڕووسی و سێ دەسەڵاتداری دەوڵەمەندی ڕووسی سەپاند کە هاوپەیمانی نزیکی سەرۆکی ڕووسیان، لەلای خۆشییەوە ئەمریکا وەکوو سەرەتایەک سەپاندنی کۆمەڵێک سزای نوێی ڕاگەیاند بەسەر ڕووسیادا، بە هەمان شێوە دوو بانکی ڕووسییان کردووەتە ئامانج.

لەلایەکی دیکەشەوە ئەڵمانیا پەسەندکردنی پرۆژەی هێڵی بۆری گازی نۆرد سترێم دووی ڕووسی ڕاگرت، ئەمەش سەرەڕای ئەوەی ئەورووپا بە شێوەیەکی بەرچاو پشتی بە گازی ڕووسی بەستووە، پڕۆژەکەش ئەگەر پەسەند بکرێت ئەوا ڕووسیا ڕاستەوخۆ گازی سروشتی لە وڵاتەکەوە دەگوازێتەوە بۆ ئەڵمانیا، ئەم هەنگاوەی ئەڵمانیاش لەلایەن ئەورووپاوە پێشوازی لێکرا.

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە