پەیامی کورد... شاندێکی وەزارەتی پێشمەرگە گەیشتە بەغدا
شاندێکی باڵای وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی سەرۆکی ئەرکان و ژمارەیەک بەرپرسی دیکەی وەزارەتەکە گەیشتە بەغدا.
ڕاگەیاندنی وەزارەتی پێشمەرگە لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاوی کردەوە: دوای سەردانی شاندی ئەمنی عێراق بۆ هەرێمی کوردستان و ئەنجام دانی دیدار و کۆبوونەوە، لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی ناوخۆ، لەسەر بانگهێشتی فەرمی وەزارەتی بەرگری عێراق، ئەمڕۆ پێنجشەممە 23ی حوزەیرانی 2022، شاندێکی وەزارەتی پێشمەرگە بە سەرۆکایەتی فەریق ڕوکن عیسا عوزێر، سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە گەیشتە بەغدا.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی پێشمەرگە، لە سەردانەکەدا هەر دوو جێگرانی سەرۆکی ئەرکان بۆ ئیدارە و میرە، مەشق و ئۆپەراسیۆنەکان، بەڕێوەبەرایەتی پشکنینی گشتی بەشدارن، لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا، لەلایەن فەریق ڕوکن حامید، سەرۆکی ئەرکانی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان، پێشوازیان لێ کرا.
ئەوەش خراوەتە ڕوو: "وا بڕیارە لە چەند کاتژمێری داهاتوودا، لەگەڵ سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی بەرگری عێراق و فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان کۆبوونەوە ئەنجام بدەن".
ئەمەش دوای ئەوە دێت، ئێوارەی دوێنێ چوارشەممە لە ڕاگەیەندرێکدا بەڕێوەبەرایەتی دژە تیرۆر - CTG" ڕایگەیاند: "یەک کاتیۆشا لە شوێنێکی نادیارەوە ئاراستەی کێڵگەی کۆرمۆر کرا و خۆشبەختانە هیچ زیانێکی گیانی بەدواوە نەبوو".
هەروەها باسی لەوە کردبوو: "هێزەکانمان سەرقاڵی بەدواداچوون و لێکۆڵینەوەن لەو ڕووداوە و لە داهاتوودا وردەکاری زیاتر بڵاو دەکەینەوە".
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە