کورتەفیلمی دەرهێنەرێکی کورد خەڵاتی فێستیڤاڵی "میترۆپۆلیس"ی ئیتاڵیای بەدەست هێنا
پەیامی کورد... کورتەفیلمی دەرهێنەرێکی کورد خەڵاتی فێستیڤاڵی "میترۆپۆلیس"یئیتاڵیایبەدەست هێنا
کورتەفیلمی "ئارگۆن" لە دەرهێنانی دەرهێنەری کورد "شۆڕش وەکیلی" لە فێستیڤاڵی "میترۆپۆلیس"ی ئیتالیا خەڵاتی باشترین "کورتەفیلمی ترسناک"ی لەو فێستیڤاڵەدا بەدەست هێنا.
کورتەفیلمی " ئارگۆن" کە لەم دوایانەدا قۆناخەکانی کۆتایی خۆی بڕی و لە چەندین فێستیڤاڵی جۆربەجۆری نێودەوڵەتیدا بەشداریی کردووە، لە فێستیڤاڵی "میترۆپۆلیس"ی ئیتاڵیادا بووە براوەی خەڵاتی باشترین فیلمی ترسناک.
کورتەفیلمی "ئارگۆن" یەکەمین کورتەفیلمی "ترسناک"ە لە سینەمای کوردیدا. فیلمەکە لە ئاخاوتنی کوردی و لۆکەیشنی ناوچەیی کەڵکی وەرگرتووە. لە شاری "سنە" بەرهەم هاتووە و دەرهێنەر و ئەکتەرانی فیلمەکە هەموو کوردن.
فیلمەکە لەسەر دوو تەوەری "تۆقاندن و سۆبژانری زامبی"یە و چیرۆکی چەند کەسێکە کە لە شارێکی "زامبیلێدراو" لە گاراژێکی چۆڵدا خۆیان حەشار داوە و تووشی کێشە دەبن و هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکان دەدەن.
"شۆڕش وەکیلی" دەرهێنەری فیلمەکەیە و "موبین قادری، میلاد مورادی، ڤیان خەیرابادی، جەهانگیر نیلی، ڕەزا ساعدی، دانش کازمی، هیوا وەکیلی، هومەن نەجەفی، ئەمین حەبیبی، میلاد نەزەری و بەرزان خۆشقسە" لە فیلمەکەدا ڕۆڵ دەگێڕن.
"شۆڕش وەکیلی" دەرهێنەری کورد ساڵی ١٩٨٤ی زایینی لە شاری "کامێران" سەر بە پارێزگای "سنە" لەدایک بووە. "وەکیلی" وەکوو دەرهێنەری "کورتەفیلم" ناوی دەرکردووە و تا ئێستا فیلمەکانی لە چەندین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیدا بەشدارییان کردووە و خەڵاتیان بەدەست هێناوە.