پەیامی کورد... خواردنەوە کحولییەکان ساڵانە ٣ ملیۆن کەس دەکوژێت
ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی ڕایدەگەیەنێت، ساڵانە نزیکەی سێ ملیۆن کەس بەهۆی خواردنەوە کحولییەکانەوە گیان لە دەست دەدەن. ئاماژە بەوەش دەکات کە زۆرینەی ئەو ژمارەیە لە ڕەگەزی نێرن.
لە ڕاپۆرتەکەی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی باس لەوە کراوە کە لە سەرانسەری جیهاندا ساڵانە نزیکەی سێ ملیۆن کەس بەهۆی خواردنەوە کحولییەکانەوە گیان لە دەست دەدەن و ئەوەش ٥٪ی تێکڕای هۆکارەکانی مردن پێک دەهێنێت.
ئاماژە بەوەش کراوە، خواردنەوە کحولییەکان کاریگەرییەکی گەورەیان لەسەر گەنجان هەیە و ساڵانە نزیکەی ١٣.٥٪ی ئەوانەی بەهۆی خواردنەوە کحولییەکانەوە گیان لە دەست دەدەن تەمەنیان لەنێوان ٢٠ بۆ ٣٩ ساڵدایە.
دەشڵێت، بەشی زۆری ئەو ڕێژە مردنە لە ڕەگەزی نێرن و ئافرەتان کەمترن. هاوکات چەندین قوربانی دیکە هەن لە خوار تەمەنی ٢٠ ساڵی و سەر و تەمەنی ٣٩ ساڵی.
ڕاپۆرتەکە جەخت دەکاتەوە لەوەی، بەرفراوانبوونی میدیای دیجیتاڵی کار ئاسان بووە لە ناساندنی خواردنەوە کحولییەکان و بڵاوبوونەوەی بە جیهاندا و لە چالاکییە وەرزشییە گەورەکانیشدا ڕێکلام و ناساندنی مەیخواردنەوە کحولییەکان زۆر بەدی دەکرێت. هاوکات لە فیلمە سینەمایییەکاندا ڕێکلامکردن و ناساندنی خواردنەوە کحولییەکان زیادی کردووە.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە