پەیامی کورد... لە یەمەن لافاو گیانی ٧٧ کەسی ئەستاند
نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند بەهۆی ڕێژنەباران و لافاوەوە کە نزیکەی دوو هەفتەیە یەمەنی گرتووەتەوە، ٧٧ کەس گیانیان لەدەست داوە.
نووسینگەی هەماهەنگی کاروباری مرۆیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕاپۆرتێکدا تیشکی خستووەتە سەر ئەوەی کە ئەو ڕێژنەباران و لافاوەی لە ٢٤ی تەممووز تاکوو ١٠ی ئاب ١٦ پارێزگا و ٨٥ قەزای یەمەنی گرتووەتەوە، کاریگەری نەرێنی کردووەتە سەر ٣٥ هەزار خانەوادە و زیان بە سەرچاوەی داهات و سەرچاوەی ئاویان گەیشتووە.
لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەش دراوە کە بەو هۆیەوە ٧٧ کەس گیانیان لەدەست داوە کە ژمارەیەک منداڵیشیان لەنێودایە.
وەک لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، مەزەندە دەکرێت ڕێژنەبارانەکە تاکوو ٢٠ی ئاب بەردەوام بێت.
یەمەن یەکێکە لە وڵاتە هەرە هەژارەکانی جیهان و بەهۆی جەنگی ناوخۆوە کە چەند ساڵێکە لەو وڵاتەکەدا بەردەوامە، قەیرانی مرۆیی گەیشتووەتە ئاستێکی ترسناک.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە